وەزیری نەوتی عێراق: پەرەپێدانی کێڵگەكانی کەرکووک پێگە نەوتییەکەی لە ناوچەکەدا بەهێز دەکات

06-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوت لە کەرکووک لەلایەن کۆمپانیا بەریتانییەکانەوە پێگەی پارێزگاکە وەک یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی نەوت لە ناوچەکەدا بەهێز دەکات.
 
ئەمڕۆ شەممە 6ی ئەیلوول حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە گوتەیەکدا لە "کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ وزە" رایگەیاند، گرێبەستێکی ستراتیژییان لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانییەکان بۆ چوار کێڵگەی نەوت لە کەرکووک واژۆ کردووە، ئەوەش بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و دامەزراندنی وێستگەى بەرهەمهێنانی گاز.
 
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، "ئەم پڕۆژەیە پێگەی کەرکووک وەکو یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی نەوت لە ناوچەکەدا بەهێز دەکات و هاوسەنگیی پێویست لە بووژاندنەوە لەنێوان باکوور و باشوور دەهێنێتە کایەوە."
 
گرێبەستی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانى لە 26ی ئاداری 2025 لە بەغدا واژۆ کرا بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی چوار کێڵگەی کەرکووک بەرزبکاتەوە بۆ 420 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
 
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، کاریان لەسەر فراوانکردنی رێگەکانی هەناردەکردنى پارێزراو و سەقامگیری نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان کردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، توانای بەندەری بەسرە بۆ هەناردەکردنی نەوت بەرزکراوەتەوە و بۆری هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە پەرەی پێدراوە، هەروەها تاوتوێی رێگەی نوێ کراوە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سووریا و لوبنانەوە.
 
عێراق لە دوو رێگەوە نەوت هەناردە دەکات؛ یەکێکیان ئاوییە لە رێگەی بەسرەوە و ئەوی دیکەیان وشکانی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئوردن.
 
حەیان عەبدولغەنی رایگەیاند، عێراق بە گوێرەی رێککەوتنی پاریس پابەندکراوە کە دەردراوە گازییەکان تاوەکو ساڵی 2030 بە رێژەی 2% کەمبکاتەوە، بەڵام ئەم رێژەی کەمکردنەوەیە لەوە زیاتر بووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 2.5% و لە ساڵی 2029 کەمکردنەوەی دەردراوە گازییەکان دەگاتە 10%.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە