پڕۆژەیەک بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسیی کوردستان لەگەڵ عێراق دەدرێتە پەرلەمان و حکومەت

06-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند واژۆی 80 پەرلەمانتاریان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە مووچەی زیندانیانی سیاسیی کوردستان و ئیمتیازاتەکانیان هاوتای هاوەڵەکانیان بێت لە عێراق، دەشڵێت، دەیانەوێت مووچەی زیندانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر حکومەتی عێراق.
 
رۆژی هەینی، 6-10-2023، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "واژۆی 80 پەرلەمانتاری کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ئەو زیندانە سیاسییانە بێت کە لە عێراقدا هەن."
 
چرۆ حەمەشەریف گوتی: "پڕۆژەکە دوو لایەنە، واتە بۆ پەرلەمان و حکومەتیشم ناردووە، بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان ناردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە ئەو هاوتاکردنە بکرێت، بۆ حکومەتیش نێردراوە خۆم ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتم کردووە، ئیدی بزانین لەهەردوو دەسەڵاتەکەوە کاری بۆ دەکەین."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر حکومەتی ناوەندیی عێراق.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان 25 هەزار و 250 زیندانی و راگیراوی سیاسیی هەیە، کە 5,175یان مووچەی زیندانییان و راگیراوانی سیاسیی وەردەگرن، 18 هەزار کەسیان چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەن.
 
رۆژی سێشەممە 3ـی ئۆکتۆبەری 2023، تاریق مەندەلاوی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای شەهیدان و قوربانیانی تیرۆر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا، سەبارەت بە هاوئاهەنگیی دەزگاکە لەگەڵ دەزگای شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "هەندێک ناکۆکی سیاسی هەبوون کە بوونە هۆکاری ئەوەی دانوستاندنی نێوان هەردوو دەزگاکە راوەستن و بە راستی دەبێ ئەمە چالاک بکرێت و بۆ هەموو عێراقییەکان هەمان شایستەی دارایی هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان.''
 
هەروەها گوتی: "ساڵی 2017 لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی و لە ساڵی 2018دا، ئێمە دانوستاندنمان هەبوو لەگەڵ براکانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی یەک دەزگا هەبێت و یاساکەشی لە هەموو عێراق جێبەجی بکرێت، چونکە بەپێی مادەی 14ـی دەستووی عێراق، عێراقییەکان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن."
 
مادەی 132ی دەستووری عێراق، حکومەتی فیدراڵیی عێراقی پابەند کردووە بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و سەرجەم زەرەرمەندانی دەستی دەسەڵاتی بەعس.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.