رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، ئەگەر ئاهەنگەکانی لەشێوەی فێستیڤاڵەکەی 3ـی ئەم مانگەی بەغدا دووبارە ببێتەوە، گەلی عێراق بە یەکدەنگی ئازادیی لە رادەبەدەر، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و هاوڕەگەزخوازی رەتدەکاتەوە. دەشڵێت: "ئەو ئاهەنگە دژی نەریتەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی بوو لە عێراق."
رۆژی هەینی، 6-10-2023، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر راگەیێندراوێکی لەبارەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی عێراق بڵاوکردەوە کە رۆژی 3ـی ئەم مانگە لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا بەڕێوەچوو کە دەرکەوتنی هەندێک ئافرەت بە جلی نیمچەڕووتەوە، کاردانەوەی بەشێک لە شەقامی عێراقی لێکەوتەوە.
سەدر لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لەت ۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) سەرەتا پەسنی هەڵوێستەکەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەکات لەبارەی رەگەزگۆڕین و دەڵێت، "سەرم سوڕماوە لەو لێدوانەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی هاوڕەگەزخوازانەوە کە دژایەتیی خۆی بۆ ئەوە و پشتیوانیکردن و بڵاوکردنەوەی لە رێگەی قوتابخانەکان و شوێنی دیکەوە دەربڕی، لە کاتێکدا بەریتانیا لە گەورەترین وڵاتانی پشتیوانیکاری هاوڕەگەزخوازان و گۆڕینی رەگەز بوو."
موقتەدا سەدر هێرشدەکاتە سەر وڵاتانی رۆژئاوا و دەڵێت، "پشتیوانی لە هاوڕەگەزخوازان دەکەن و دژایەتیی پاکوخاوێنان دەکەن." باسی ئەوەش دەکات ئەو وڵاتانە تیرۆریان لە وڵاتانی ئەفریقا چالاککردەوە کاتێک دژایەتیی هاوڕەگەزخوازییان کرد و لە وڵاتەکانیان قەدەخەیان کرد.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 03-10-2023 لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی شاری بەغدا، هاوکات لەگەڵ رۆژی نیشتمانیی عێراق ئاهەنگێک بەڕێوەچوو. بەشێک لە بەشداربووانی ئاهەنگەکە جلوبەرگی نیمچەڕووتیان لەبەرکردبوو، ئەو کارەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
لەبارەی فێستیڤاڵەکەی بەغداشەوە، رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، "هۆشداری دەدەینە وڵاتانی ئیسلامی لە کرانەوەی زۆر و ئازادبوونی خراپ کە تەنیا دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی وەکو ئەوەی لەو ئاهەنگەی لە عێراقی خۆشەویستمان و لە سایەی دەوڵەتی 'بەنی عەباس' روویدا کە دژی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی عەرەبی و ئیسلامی بوو."
هەروەها دەشڵێت: "من دڵنیام گەلی عێراق گەلێکی خاوێنە و دەیانەوێت خاوێن ببنەوە و دژی گەندەڵی و هاوڕەگەزخوازین، ئەگەر لە شێوەی ئەو ئاهەنگانە دووبارە ببێتەوە، من دڵنیام گەل بە یەکگرتوویی رەتیدەکاتەوە و دژی ئازادیی لە رادەبەدەر، دژی زەمینەسازی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان دەوەستێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ