رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایدەگەیێنێت، رەنگە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر عێراق، بەڵام لە هێرشەکانی لوبنان جیاواز دەبێت. دەشڵێت، مقاوەمە بەناوی حکومەتی عێراقەوە قسە ناکات و هاوئاهەنگیی لەگەڵیدا نییە.
کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق و خۆی بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنێت، رۆژی یەکشەممە 06-10-2024 لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ی بەیانیی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "رەنگە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر عێراق؛ بەڵام هێرشەکانی سنووردار دەبن، جیاوازیش دەبێت لە هێرشەکەی لوبنان؛ چونکە دۆخ و سرووشت و جوگرافیای عێراق جیاوازە لە لوبنان."
گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا پێیوایە، ئیسرائیل ناتوانێت لە هەموو ئاستەکان ئەو هەموو بەرەی شەڕە بکاتەوە.
7ی ئۆکتۆبەری 2023 بزووتنەوەی حەماس، هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی فراوانی کردە سەر غەززە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە بەهۆیەوە زیاتر لە 41 هەزار فەڵەستینی کوژران. گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا دەڵێت، "لەوکاتەوە مقاوەمەی ئیسلامی نزیکەی 160 هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل."
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق، کازم فەرتووسی دەڵێت، "حکومەتی عێراق لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکوەزیرانەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە، کە دیپلۆماسی و سیاسی بوون، پشتیوانیی دۆخی فەڵەستین و لوبنان دەکات لە رێگەی گەیاندنی هاوکاریی فریاگوزاری و پشتیوانی لە دۆزەکەیان."
فەرتووسی جەخت لەوە دەکاتەوە، "هیچکات مقاوەمە بەناوی حکومەتی عێراقەوە قسە ناکات. مقاوەمە نوێنەرایەتیی بەشێک لە خەڵک دەکات، دەنگ و ویژانی خەڵکە، بە دڵنیاییەوە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکومەت نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ