رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق بە نووسراوى فەرمى داوا لە ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق دەکات کارى رێکخراوێک لە عێراق رابگیرێت، ئەوەش بەهۆى دانانى وێنەى ئاڵاى ئیسرائیل لە ماڵپەڕى فەرمیی رێکخراوەکەدا.
بە گوێرەى نووسراوێک کە عەدنان جابرى، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق لە 5ى تشرینى دووەمى 2023 ئاراستەى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانى سەر بە ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقی کردووە، رێکخراوى (Konrad-Adenauer-Stiftung) لە ماڵپەڕ و پەیجى فەیسبووکى خۆی ئاڵاى ئیسرائیلى داناوە.
پەرلەمانتارەکە داوا دەکات رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو رێکخراوە بگیرێتەبەر، ئەوەش لەسەر بنچینەی یاسای بەتاوانناساندنى دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.
بەگوێرەى ماددەى 201 لە یاسای سزادانى عێراق، هەر کەسێک پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت یان بەشداربێت لە چالاکى ئەو دەوڵەتە و بانگەشەکردن بۆى سزاکەى لەسێدارەدانە.
عەدنان جابرى رۆژی دووشەممە 6-11-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو رێکخراوە ئەڵمانییە و لە بوارى کۆمەڵگەى مەدەنی لە هەندێک شارى عێراق کار دەکات."
عەدنان جابرى گوتیشى، "بەرپرسانى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان لە وەڵامى نوسراوەکەدا پێیان راگەیاندووم کە رێوشوێن دژى ئەو رێکخراوە دەگرنەبەر."
هەر بەپێی یاسای بەتاوانناساندنى دروستکردنی پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل، هەر جۆرە پەیوەندییەکی فەرمی و نافەرمی لەسەر ئاستی تاک یان بەکۆمەڵ لەگەڵ ئیسرائیل لە ناوەوە یان دەرەوەی عێراق سزاکەی لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی دەبێت؛ هەروەها قەدەخەیە هاووڵاتیانى بیانى لەنێو خاکى عێراقدا بانگەشە بۆ دروستکردنی پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل بکەن.
لەدوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی مانگی رابردوو، شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە چووەتە قۆناخێکی نوێوە، تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە نزیکەی 10 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. هاوکات لە ئیسرائیلیش زیاتر لە 1400 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەو رێکخراوە لە کەڤەری پەیجی فەیسبووکەکەی وێنەیەکی ئاڵای ئیسرائیل و ئۆکراینای داناوە و لێی نووسیوە، "پشتیوانی ئیسرائیل و ئۆکراینا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ