رووداو دیجیتاڵ
پەیام و هەڕەشەی بلینکن لە بەغدا نەیتوانی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا رابگرێت، دوای چەند کاژێرێک لە سەردانەکەی، هێرشکرایەوە سەر سەربازگەی عەین ئەسەد. پاشان لە هەولێر هێرشکرایە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان.
رووداو زانیویەتی، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوتووە کە بۆ لەمەودوا بەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بێ دەنگ نابن و وەڵامیان دەبێت.
بلینکن ئەو پەیامەی بە سوودانی و بە ئێرانیش گەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی شیعەکان پشتیوانی هەڕەشە و هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی دەکەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.
عارف حەمامی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاند، بەدڵنیاییەوە دەزانن کە رۆڵی ئەمریکا چییە و بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئیسرائیل کردووە، لەبەرئەوە ئەو هێرش و کاردانەوانەی بەرامبەریان دەکرێت لەلایەن گرووپەکانی مقاوەمەوە "مافێکی سرووشتییە."
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هۆشداریی لە هەڵگیرسانی شەڕێکی سەخت و دۆخێکی نەخوازراو دەدەن لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا، حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە بە بەرپرسیار دەزانن.
عامر عەبدولجەبار، پەرلەمانتاری عێراقە و دەڵێت، پێویستە حکومەتی عێراق رێوشوێن بەرامبەر ئەو گرووپانە بگرێتەبەر، چونکە ئەو هێزەی کە چەک بەکاردەهێنێت و هێرشەکان ئەنجام دەدات سەر بەو کوتلەیەی حکومەتە، "ئێمە پشتیوانی لەو هێرشانە ناکەین کە دەکرێنە سەر باڵیۆزخانە و شوێنە سەربازییەکان، ئێمە داوا دەکەین بە ئاشتییانە رەتبکرێتەوە بەبێ بەکارهێنانی تووندوتیژی."
ئەمریکا لەبارەی باڵیۆزخانە و دیپلۆماتەکانیان لە بەغدا هۆشداریی داوەتە دەسەڵاتداران و سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بۆ هەر هەنگاوێک کاردانەوانەیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ