رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ بنکەی هەردوو لیوای 40 لە سنووری گەیارە و لیوای 45ی حەشدی شەعبی لە ئەنبار بۆردوومان کرا. سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند، هێرشەکەی گەیارە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەکی لە پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ بنکەی لیوای 40ی حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی گەیارە بۆردوومان کرا."
جێگەی ئاماژەیە لیوای 40ی حەشدی شەعبی لە چەکدارانی "کەتیبەکانی ئیمام عەلی" پێکهاتووە.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "هێرشەکە زیانی گیانی هەبووە." هاوکات میدیای نزیک لە حەشدی شەعبی ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی بۆردوومانەکەوە چەکدارێک کوژراوە و سێ چەکداری دیکەش بریندار بوون.
یەکێک لە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کە دوای بۆردوومانەکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "لە کاتی بەربانگ کردنەوەدا لێیانداین."
تاوەکو ئێستا دیار نییە بۆردوومانەکە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بووە یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. بەڵام میدیای حەشدی شەعبی دەڵێت، ئەمریکا بۆردوومانەکەی کردووە.
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە ئەنبار بە رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ ناوچەی گەهاوی لە ئەنبار سێ جار بۆردوومان کرا."
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، ئەو ناوچەیە لیوای 45ی حەشدی ئەنباری تێدا جێگیرکراون. ئاماژە بەوەش دەکات کە هێشتا زیانەکانی بۆردوومانەکان نەزانراون.
ناوچەی گەهاوی دەکەوێتە سنووری نێوان بابل و ئەنبار و نزیکە لە ناوچەی جرف سەخر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ