رووداو دیجیتاڵ
هێرشی گرووپە چەکدارەکان و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان لە دژیان لە چەند ناوچەیەکی عێراق روویدا؛ لە لایەک بنکەی سەربازی و کێڵگەی نەوت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کرانە ئامانج، لە لایەکی دیکەشەوە هێرشکرایە سەر بارەگای چەند هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی.
6ی ئادار لە عێراق وەک رۆژانی دیکە نەبوو، گرووپە چەکدارەکان لە بەغدا زیاتر لە جارێک هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا لە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکە.
گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" کە سەر بە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامییە لە عێراق، بەرپەرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند، کە گوایە بە مووشەک کردوویەتییە سەر بنکەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (رووداو) کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە دەستی کەوتووە، بنکەکە هیچ سەربازێکی ئەمریکیی لێ نەماوە و ماوەیەکی زۆرە رادەستی پۆلیسی فیدراڵی کراوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لە قەزای ئەبو غرێب دەستی گرتووە بەسەر بارهەڵگرێکدا کە لە رێگەیەوە هێرشکراوەتە سەر ناوچەیەکی چۆڵەوانیی دەوروبەری بەغدا و چەند مووشەکێکی تێدا بووە، لێکۆڵینەوەش لەوبارەیەوە دەستی پێکردووە و بەگوێرەی شانەکە "دواتر وردەکارییەکەی بڵاو دەکەنەوە."
دڵی ئابووریی عێراق کرایە ئامانج
یەکێکی دیکە لە هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەی رومێڵەی باکوور بوو لە پارێزگای بەسرە، کە 50 کیلۆمەتر لە باشووری ناوەندی پارێزگاکەوە دوورە.
بەگوێرەی گوتەی دوو سەرچاوەی باڵای ئەمنیی بەسرە کە قسەیان بۆ رووداو کردووە، هێرشەکە شەوی هەینی 6ی ئاداری 2026، بە درۆن کراوەتە سەر کێڵگەکە.
یەکێک لە سەرچاوەکان گوتی، "درۆنەکە نەخراوەتە خوارەوە و لە نێو کێڵگەکە کەوتووەتەوە."
بەهۆی ئەو هێرشەوە ئاگر لە بەشێکی کێڵگەکە کەوتەوە. کێڵگەکە لەگەڵ کێڵگەی رومێڵەی باشوور گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراقن و یەدەگیان بە زیاتر لە 17 ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت.
عەمار سەرحان، لێکۆڵەر بە رووداوی راگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا هێرش کراوەتە سەر کێڵگەکانی نەوت لە زوبێر، بەرجەسیە و رومێڵە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە کە ئەو هێرشە درۆنییانە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە کراون یان لەلایەن ئێران خۆیەوە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە چەند کێڵگەیەک پەکخراون و بیانییەکان بەجێیان هێشتووە."
هێرشی پێچەوانە بۆ سەر گرووپەکان
هێرشەکان خودی ئەو گرووپە چەکدارە شیعەانەی عێراقیشی گرتەوە کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، لە گوندەکانی "گوبە" و "شریخان" لە سنووری شاری مووسڵ، لە رێگەی هێلى کۆپتەرەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگای لیوای 14ی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا.
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا یەکێکە لە پێکهێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی، و ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی ئەو هێزەیە و یەکێکە لە 12 ئەندامەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە.
کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە (رووداو)ی راگەیاند، "بارەگای لیوای 14ی سەیدولشوهەدا دوو جار کراوەتە ئامانج و هێرشەکان لەلایەن فڕۆکەی ئەمریکییەوە کراون."
تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی هۆکار و زیانەکانی ئەو هێرشانە بڵاونەکردووەتەوە.
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا کە لە ساڵی 2013 دامەزراوە، لە نێو لیستی تیرۆری ئەمریکادایە.
ئەمینداریەتی گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە راگەیێنراوێکدا لەبارەی ئەو هێرشە دەڵێت، "فڕۆکەیەکی هێلى کۆپتەری جۆری ئەپاچی پێنج مووشەکی ئاراستەی چەند خاڵێکی سەربازیی لە ناوچەی قوبە لە باکووری مووسڵ کردووە، کە لە چوارچێوەی پلانی بڵاوەپێکردنی حەشدی شەعبیدایە."
هێرشەکان بارەگایەکى دیکەى لیواى 50 ى سەر بە بزوتنەوەى بابلیونى حەشدى شەعبی لە دەشتى نەینەواشی کردە ئامانج، هەروەها چەند پێگەیەکى حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی سعێدات و سەندیج لە جورف سەخر لە پارێزگای بابل بۆردوومان کران، بەبێ ئەوەى زیانەکانى زانرابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ