فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا: بێدەنگیی حکومەتی فیدراڵ هاندانە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمشەوی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت، بێدەنگیی بەغدا بووەتە هاندانی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەو لایەنانەی هێرش دەکەن. دەشڵێت، "ژن و مێردێک لەناو ماڵەکەی خۆیاندا شەهید بوون."
 
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو سێشەممە 7ـی نیسانی 2026 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ناڕەوا و ترسنۆکانەیە دەکەین کە ئەمشەو هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج."
 
فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکەوە "ژن و مێردێکی سڤیل لەناو ماڵ و حاڵی خۆیاندا شەهید بوون و دوو منداڵی بێتاوان لە ئامێزی دایک و باوکیان بێبەش کران." فراکسیۆنەکە ئەم کارە بە "تاوانێکی قێزەون" ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە "هیچ پاساوێکی ئەخلاقی و مرۆیی" هەڵناگرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی رەخنەی تووند ئاراستەی حکومەتی عێراق کراوە و هاتووە، "بێدەنگیی سیاسی و نەبوونی رێکاری کردەیی حکومەتی فیدراڵ، نەک هەر نیشانەی بێدەسەڵاتییە، بەڵکو بووەتە ژینگەیەکی لەبار و هاندانێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەوانەی لە پشت ئەم کردەوە تیرۆریستییانەن."
 
فراکسیۆنی پارتی داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان جێبەجێ بکات و رێگری بکات لەوەی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە "گۆڕەپانی ململانێیەکان."
 
هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستی کردەیی بۆ پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان بنوێنن، چونکە "تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتیی عێراق و ناوچەکە."
 
فراکسیۆنی پارتی جەخت دەکاتەوە کە "ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ژیان و مانەوە، بە هیچ پەلامارێکی تیرۆریستی نانەوێت" و هاوسۆزیی خۆیان بۆ کەسوکاری شەهیدەکان و ئەو دوو منداڵە دەربڕیوە کە دایک و باوکیان لەدەستداوە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، درۆنێک لە گوندی "زەرگەزەوی" لە ناوچەی زرارەتی کەوتووەتە خوارەوە. درۆنەکە راستەوخۆ بەر ماڵێکی سڤیل کەوتووە و لە ئەنجامدا هاونیشتمانییەک بە ناوی (مووسا زراری) لەگەڵ هاوژینەکەی شەهید بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە