حکومەتی عێراق بڕیاریدا ساڵانە 100 ملیار دینار بۆ پارێزگا هەژارنشینەکان تەرخان بکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری پێدانی کۆمەڵێک خەڵاتی بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەرکرد وەک پاداشتێک بۆ سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال. هەروەها بڕیاریدا ساڵانە 100 ملیار دینار بۆ سندووقی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگا هەژارنشینەکان تەرخان بکات.
 
رۆژی سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، بەشێکی زۆری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پیرۆزبایی و خەڵاتکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق بەبۆنەی گەیشتنیان بە مۆندیالی 2026.
 
خەڵاتەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق:
 
- پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون بە دیزاینێکی تایبەت لە کۆمەڵگەی "داماک هیڵز" لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
 
- پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بۆ ماوەی چوار ساڵ بە یاریزانان، ستافی تەکنیکی و کارگێڕی هەڵبژاردەکە.
 
- ناونانی شەقامێک لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەناوی "شێرەکانی رافیدەین".
- ناونانی خولی دەرچوونی ئەم ساڵی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان بەناوی "خولی شێرەکانی رافیدەین".
 
- دروستکردنی مۆنۆمێنتێک لە بەغدا و چاپکردنی پوولێکی پۆستە بەو بۆنەیەوە.
 
لە کەرتی خزمەتگوزاریدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا ساڵانە بڕی 100 ملیار دینار بۆ سندوقی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکانی بەسرە، بابل، دیوانییە، موسەننا و نەجەف تەرخان بکات کە بە "هەژارترین پارێزگاکان" ناسراون.
 
هەروەها بڕیاردرا بە فرۆشتنی 4000 دۆنم زەوی لە پارێزگای بەسرە بە ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبی لەو پارێزگایە، بەبێ زیادکردنی ئاشکرا.
 
سەبارەت بە پڕۆژەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی بەسرە - حەدیسە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی نەوتی راسپارد بە شێوەی "بانگهێشتی راستەوخۆ" کۆمپانیا تایبەتمەندەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دیاری بکات. هاوکات کۆمپانیای "سۆمۆ" سەرپشک کرا لە بەڕێوەبردنی هەندێک رێکاری گرێبەستکردن، بۆ ئەوەی بتوانرێت سووتەمەنی پێویست بۆ کارگەکان دابین بکات.
 
هەروەها بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کە رێگە بە بازرگانانی زێڕ بدرێت لە رێگەی مەرزی وشکانیی ترێبیلـەوە زێڕ هاوردە بکەن، بە مەرجێک رێکارە گومرگی و پشکنینەکانی لە بەغدا بۆ بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە