رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق دەڵێت، ئەو شەڕەى لەبەردەم یەکێک لە نەخۆشخانەکانى بەغدا روویدا بەهۆى وێنەگرتنی تەرمى هاوژینى بەرپرسێکى سەربازیى ئەو وەزارەتەوە بووە لەلایەن بەرپرسى نەخۆشخانەیەکى دیکەوە.
رۆژی 7ى ئابی 2023، وەزارەتى بەرگریى عێراق روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە لەبارەى دروستبوونى شەڕ و دەمەقاڵێ لەبەردەم نەخۆشخانەیەک لە بەغدا و دیمەنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە گوایە شەڕەکە لە نێوان کەسوکارى هاوژینى بەرپرسێکى وەزارەتى بەرگریی عێراق لەگەڵ تیمى تەندروستى نەخۆشخانەکە بووە.
وەزارەتى بەرگریى عێراق دەڵێت، هاوژینى لیوا عامر جاسیم خەمیس، بەرپرسی یەکەی زرێپۆشی وەزارەتى بەرگریی عێراق تووشی تاى خوێنبەربوون بووە و براوەتە نەخۆشخانەى ئیبن خەتیب، بەڵام بەهۆى ئەوەى کە ئەو ژوورەى لێى خەوێنراوە کارەباى تێدا نەبووە، گوێزراوەتەوە بۆ هۆڵی پیاوانى نەخۆشخانەکە و دواى رۆژێک مانەوە لەوێ گیانى لەدەستداوە.
بەگوێرەى وەزارەتی بەرگریی عێراق کە گوایە لە زارى بەرپرسەکەى ئەو وەزارەتەوە وەریگرتووە، دواى گیانلەدەستدانى ئەو ژنە، تەرمەکەى گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەى ئیبن زەهر بۆ ئەوەى رێوشوێنە پزیشکییە تایبەتەکانی بۆ بکرێت و لەکاتى گواستنەوەى تەرمەکەیشدا لەلایەن کەسێکەوە بەناوى محەممەد حوسێن عەباس وێنەى گیراوە و کاتێکیش لەلایەن یەکێک لە کوڕەکانى ئەو ژنەوە داوای لێکراوە وێنەى نەگرێت، "وشەى نەشیاوى بەکارهێناوە و لێى داوە، ئەویش بەرگرى لە خۆى کردووە."
وەزارەتى بەرگریى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو بەرپرسەى وەزارەتەکە سەردانى نەخۆشخانەکەى کردووە بۆ زانینى هۆکارى ھێرشکردنە سەر کوڕەکەی و وێنەگرتنى تەرمى ژنەکەى و بۆی روون بووەتەوە کە ئەو کەسەى وێنەى گرتووە یاریدەدەرى کارگێڕیى نەخۆشخانەى ئیبن خەتیب بووە.
ئەو وەزارەتە رایگەیاندووە، لەسەر ئەو بنەمایە بەرپرسى وەزارەتەکەى لە دادگەى پێداچوونەوەى رەسافە لە بەغدا سکاڵاى یاسایى تۆمارکردووە و وەزارەتى بەرگریش لێکۆڵینەوەى لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ