رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دیالە دەڵێت، دۆخی شارەبان (بە عەرەبی پێی دەگوترێت میقدادیە) ئاسایی بووەتەوە و هەموو فەرمانگەکانی قەزاکە کراونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-08-2024، عەقید هەیسەم سەلمان شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی قەزای میقدادیە لە پارێزگای دیالە ئاسایی بووەتەوە. سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان کراونەتەوە. ئەو پۆستەرانەشی شەوی رابردوو لە فەرمانگەکان درابوون، هەموویان لێکراونەتەوە. هیچ سیمایەکی گردبوونەوە و خۆپێشاندان نەماوە".
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە گوتی، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەرکەسێک دەگرنەبەر کە بیەوێ ئاسایشی پارێزگاکە تێکبدات. ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ دەربڕینی ناڕەزایی رێگەی ئاشتییانە هەیە کە دەستوور گەرەنتی کردووە، بێ ئەوەی دەست بۆ ژیانی خەڵک و شکۆی دەوڵەت ببرێ".
شەوی رابردوو بەشێک لە ئەندامانی هۆزی بەنی تەمیم وەکو دەربڕینی ناڕەزایی کە پۆستی پارێزگاری دیالە لەوان هەڵنەبژێردراوە، زۆربەی دام و دەزگا حکومییەکانی قەزای شارەبانیان داخست و مانگرتنیان راگەیاند.
خۆپێشاندەران پۆستەریان لەسەر دیواری فەرمانگەکان دا کە لەسەری نووسرابوو، "بەناوی گەلی ستەملێکراو، فەرمانگە و دامەزراوەکانی دیالەوە داخراون."
درەنگانی شەوی 01-08-2024 ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکەى هەڵبژارد.
لەو کۆبوونەوەیەدا عەدنان جایر بە پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە نزیکە لە هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا. عومەر کوروى بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە.
سالم تەمیمیش لە هاوپەیمانیی ئیستیحقاقی دیالە کە شیعەیە وەک جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرا. هەریەک لە مستەفا تالیب وەک جێگرى یەکەم و غازى فەیسەڵیش وەک جێگرى دووەمى پارێزگار هەڵبژێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ