رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سوودانی دەڵێت، پێویستە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی نێوخۆیی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی هەبێت. دەشڵێت، "پێشێلکردنی مافی ئەو کەسانە قبووڵ ناکەین، کە بەرگرییان لە وڵاتەکەمان کردووە." یەکێک لە نووسەرەکانی دەستووری عێراقیش بڕوای وایە، پڕۆژەیاساکە "دەستوورییە"، بەڵام ناکۆکی لەسەرە و تێپەڕاندنی دەکەوێتە خولی داهاتووی پەرلەمان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، زیا ناسری، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری راگەیاندن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرگری لەو کەسانە دەکەین کە رۆڵێکی گەورەیان لە سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا هەبووە، بەتایبەتیش ئەوانەی وەڵامی فتوای جیهادی کیفائییان دایەوە؛ پێویستە پاڵپشتییان بکەین و بەپێی یاسایەکی دادپەروەرانە مافی خۆیان و خێزانەکانیان بپارێزین."
ئەمریکا ناڕازییە لە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی و داوا دەکات تێنەپەڕێندرێت. سەبارەت بە ناڕەزایەتییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر پڕۆژەیاساکە، ناسری دەڵێت، "داوا دەکەین لە رێگەی دیالۆگێکی نێوخۆیی لەنێوان هێزەکانی پێکهێنەری دەوڵەتدا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاساکە بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە جێی رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانتاران و لایەنەکان."
هەر لەبارەی گوشار و ناڕەزاییەکان ئەو راوێژکارەی سوودانی هۆشداری دەدات و دەڵێت، ''ناتوانین پێشێلکردنی مافی خۆپاراستن و پاراستنی ئەوانەی بەرگرییان لە وڵاتەکەمان کردووە، قبووڵ بکەین."
زیا ناسری گوتی، "وڵاتانی دراوسێ تیرۆریستان تێکەڵی سوپاکانیان دەکەن و چەکەکانی دەستیان بە یاسایی دەکەن، لەکاتێکدا هەر ئەوانە بوون پێشتر گەنجەکانی ئێمەیان سەردەبڕی، ئێستاش ئەو کارەساتانە دەبینین لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا روودەدەن، کە رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەنێو وڵاتی ئێمەشدا دووبارە ببنەوە."
دووپاتیشی کردەوە، ''پێویستە" وڵاتە گەورەکان لەوبارەیەوە لێیان تێبگەن و گوتیشی، "نابێت ئەو وڵاتانە ویستی خۆیانمان بەسەردا بسەپێنن، چونکە ئێمە گەلێکین سەر بۆ فەرمانە سەپێندراوەکان دانانەوێنین''.
هاوکات، د. وائیل عەبدوللـەتیف، دادوەر و یەکێک لە نووسەرەکانی دەستووری عێراق بە رووداوی گوت، "بەوپێیەی دەستەی حەشدی شەعبی سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و فەرمان لەو وەردەگرن، بۆیە ئەم پڕۆژەیاسایەی دەستەکە کێشەی دەستووری نییە."
د. وائیل گوتیشی، "بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران لەگەڵ پڕۆژەیاساکە دا نین، بۆیە ئەگەری زۆرە لەم خولەی پەرلەماندا تێنەپەڕێندرێت و بکەوێتە خولی داهاتوو."
پڕۆژەیاساکە بۆ رێکخستنەوەی "دەستەی حەشدی شەعبی" ئامادە کراوە، ئامانج لێی گۆڕینی ئەم هێزەیە بۆ دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی و هەمیشەیی لەنێو هێزە چەکدارەکانی عێراق دا.
بەگوێرەی نێوەڕۆکەکەی، دەستەکە راستەوخۆ بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە (سەرۆکوەزیران) دەبەسترێتەوە و سەرۆکەکەشی پلەی وەزیری پێدەدرێت و دەبێتە ئەندامی لیژنەی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی.
یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی ئەو پڕۆژەیاسایە، دامەزراندنی "ئەکادیمیای حەشدی شەعبی"یە بۆ پێگەیاندنی ئەفسەری تایبەت بەخۆی، کە ئەمەش بنەماکانی وەک سوپایەکی هاوتەریب بە سوپای عێراق دادەڕێژێت.
ئەم هەنگاوە نیگەرانی لەبارەی دروستبوونی دوو سوپای رکابەر لەناو یەک دەوڵەتدا دروست کردووە و پرسیار لەسەر داهاتووی یەکپارچەیی دامەزراوەی سەربازیی عێراق دروست دەکات.
رۆژی 4ی ئەم مانگەش، حوسێن موسەوی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا و گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە رووداوی گوت، "ئێمە گرنگی بەو قسە و راوبۆچوونانە نادەین، کە لێرە و لەوێ باس لە پڕۆژەیاساکە دەکەن."
هەمان رۆژ، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمریکا بە تووندی دژی هەر یاسایەکە کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنیی دووقۆڵیمان و، دژی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق و سەروەریی راستەقینەی وڵاتەکە بێت."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، "ئەم پڕۆژەیاسایە رەوایەتیی دامەزراوەیی زیاتر دەبەخشێتە ئەو گرووپە چەکدارانەی پەیوەندییان بە قەوارە و سەرکردە تیرۆریستەکانەوە هەیە، لەنێویشیاندا ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، کارمەندانی ئەمریکییان کوشتووە."
ئەم پڕۆژەیاسایەی حەشدی شەعبی، یاسای پێشووی ساڵی 2016 هەڵدەوەشێنێتەوە و دەسەڵاتێکی زۆر فراوانتر بە دەستەی حەشدی شەعبی دەبەخشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ