رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی بەڕێوەچوونی یادی چلەی کوژرانی ئیمام حوسێن 160 ملیۆن پەیوەندیی تەلەفۆنی لە کەربەلا کراون، کە سێ ملیۆنیان نێودەوڵەتی بوون، هەروەها 113 ملیۆن کورتەنامە و هەشت تێرابایت داتای ئینتەرنێت ئاڵوگۆڕکراون.
شەوی چوارشەممە 06-09-2023 دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئامارەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی یادی چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنی لە کەربەلا بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، "لەنێوان 5ی مانگی سەفەر تاوەکو 20ی ئەو مانگە، واتە لەنێوان 21ی مانگی ئاب تاوەکو سێشەممەی رابردوو 5ی ئەیلوول لە شارەکانی کەربەلا، نەجەف، سامەڕا، کازمییە، 333 ملیۆن پەیوەندیی تەلەفۆنی کراون، لەنێویاندا 7 ملیۆن و 500 هەزار پەیوەندیی نێودەوڵەتی بووە."
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەو شارانە 221 ملیۆن کورتەنامە و 14 تێرابایت داتای ئینتەرنێت ئاڵوگۆڕ کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە 9500 تاوەر بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن لە شار و دەروازە سنوورییەکان بەگەڕخراون و کاریان پێکراوە.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق باسی تەرخانکردنی 235 تیمی گەڕۆکی لەگەڵ کۆمپانیاکانی عێراق کردووە، لەگەڵ 10 ئۆتۆمبێلی پێشکەوتوو، 8979 پشکنینی تەکنیکییش کراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانی ئینتەرنێت لە رێگەی کۆمپانیاکانی پەیوەندییەکان بە رێژەی 67% زیادیان کردووە، واتە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو ژمارەی پەیوەندییەکانی تەلەفۆنی 12% زیادیان کردووە، سکاڵاکانیش لە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو 91% کەمیان کردووە.
بەگوێرەى ئامارێکى عەتەبەى عەباسییە لە کەربەلا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 6ى ئەیلوولی 2023 بڵاویکردووەتەوە، لە دەروازەکانى ئەو شارەوە 22 ملیۆن و 16 هەزار و 146 زیارەتکار سەردانى پارێزگاکەیان کردووە، ئەو ژمارەیەش لە 17ى ئاب تاوەکو کاژێر 12:00ى نیوەڕۆى 5ى ئەیلوول هەژمار کراوە.
ژمارەى زیارەتکارانى ئەمساڵ، بەگوێرەى بەڵگەنامەکە، دوو ئەوەندەى ژمارەى زیارەتکارانى ساڵى 2016 بووە، کە ئەوکات 11 ملیۆن و 210 هەزار 367 کەس بووە.
ئیمام حوسێن کوڕى عەلى کوڕى ئەبو تاڵیب، سێیەم ئیمامى شیعەکانە، ساڵانە شیعەکانی جیهان لە چلەى کوژرانیدا سەردانی مەزارگەکەی لە کەربەلا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ