رووداو دیجیتاڵ
زۆرترین دەنگدەری تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵە کە نزیکەی نیو ملیۆنە، حەشدی شەعبی زیاتر لە 127 هەزار دەنگدەر و پێشمەرگەش زیاتر لە 145 هەزار دەنگدەری هەیە. لە وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە 92% لە پلەی یەکەمدایە.
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی یەک ملیۆن و 131 هەزار و 859 دەنگدەری تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، زۆرینەیان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن، کە 597 هەزار و 453 کەسن و کەمترینیان سەر بە دەستەی دەروازە سنوورییەکانن، کە هەزار و 596 دەنگدەرن.
لە ئامارەکەدا ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی 128 هەزار و 127 کەسن، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقن 298 هەزار و 54 کەسن.
لە ئامارەکەدا هاتووە، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە 145 هەزار و 907 کەسن، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش 124 هەزار و 312 دەنگدەرن.
ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتی دەزگای دژە تیرۆر 18 هەزار و 410 دەنگدەرن.
بەگوێرەی ئامارەکەی کۆمیسیۆن، زۆرترین ژمارەی کارتی دەنگدان کە تاوەکو 7ى تشرینى یەکەم وەرگیراونەتەوە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بووە، کە 92%ی دەنگدەرانی بووە. وەزارەتی بەرگری عێراقیش بە پلەی دووەم دێت کە 88%ی دەنگدەرانی کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
لە ئامارەکەدا هاتووە کە 84%ی دەنگدەرانی تایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆی عێراق کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە. کەمترین رێژەی وەرگرتنەوەی کارت، دەنگدەرانی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقە، کە تەنیا 5% بووە.
67%ی دەنگدەرانی دەستەی حەشدی شەعبی کارتە دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە. هەرچی دەزگای دژە تیرۆرە، 72%ی دەنگدەرانی کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ