سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: بە سێ بازنەی ئەمنیی بنکەکانی دەنگدان دەپارێزرێن

07-10-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، پۆلیسی نێوخۆیی، هێزەکانی فریاکەوتنی خێرا و پۆلیسی فیدراڵیی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان دەپارێزن. دەشڵێت، بۆ پرسی پاراستنی بنکە و وێستگەکان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2025، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاراستنی بنکەکانی دەنگدان بە سێ بازنە دەبێت، بازنەی یەکەم کە دەوروبەر و ناوەوەی بنکە و ناوەندەکان دەگرێتەوە، پۆلیسی نێوخۆیی شار و شارۆچکەکان دەبێت، بۆ ئەوەی ئاسانکاریی تەواو بۆ پڕۆسەکە بکرێت."
 
بە گوتەی فەریق سەعد، بازنەی دووەم فەوجەکانی فریاکەوتنی خێرا دەبێت و لە بازنەی کۆتاییشدا پۆلیسی فیدراڵی جێگیر دەکرێت، تەواوی هێزەکانی بەرگریی شارستانیش لە ئامادەیی دا دەبن.
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق گوتی، "لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی شێواز و رێکارەکانی پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە."
 
فەریق سەعد مەعن ئاماژەی بەوەش کرد، "تەواوی هێزەکانی دیکەی عێراق لە ئامادەیی تەواودا دەبن، بۆ رێگریکردن لە روودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو."
 
لەبارەی راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی گوتی، "هێشتا دیار نییە و بڕیاری لەبارەوە نەدراوە."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێ.
 
ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت و گشتی بەم شێوەیە:
 
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 8,703 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: 39,285 وێستگە
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 809 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت: 4,501 وێستگە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە