رووداو - هەولێر
فەرماندەیەکی حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نەبووە سەرۆکوەزیرانی عێراق ببینێت. دەشڵێت، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئانوسات دایە، بۆیە باڵیۆزخانەکەش چۆڵکراوە. باس لەوەش دەکات ئەمریکا بەنیازە ژمارەیەک سەرکردەی حەشدی شەعبی و سیاسی بکاتە ئامانج.
رۆژی پێنجشەممە، 8ی شوباتی 2024، عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە لەلایەن سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێش دەکرێت، رایگەیاند: "ژووری ئۆپەراسیۆن لە ئوردن و قەتەر دروستکراوە، هاوپەیمانیی گەورە لەسەر عێراق پێکهاتووە، شەڕەکە دەستیپێکردووە و ناوەستێت، ئەمریکا بەنیازە 350 سەرکردەی حەشدی شەعبی و سیاسی بکاتە ئامانج".
عەبدولڕەحمان جەزائیری پێیوایە، قۆناخی داهاتوو بۆ حکومەتەکەی سوودانی و حەشدی شەعبی زۆر قورس دەبێت، عێراق لە بەرامبەر ئەمریکا هاوسەنگ نییە لەڕووی چەکی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای سەربازییەوە، بۆیە داوا دەکات عێراق هاوپەیمانی بکات لەگەڵ چین، رووسیا، ئێران، سووریا، حیزبوڵڵا و یەمەن.
فەرماندەکەی حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق گوتی، چەند رۆژێک لەمەوبەر نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە داوایکردووە بۆ ئەوەی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە، بەڵام ئیدارەی بایدن داواکەی رەتکردووەتەوە بە پاساوی ئەوەی سوودانی نەیتوانیوە هاوسەنگیی پرۆسەی سیاسی و سەربازی لەنێو عێراق رابگرێت، بۆیە ئەو سەردانە سوودی نییە.
عەبدولڕەحمان جەزائیری باسی باڵیۆزخانەی ئەمریکای کرد و گوتی، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکە لە ئانوسات دایە، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر حەشدی شەعبی بەردەوام بێت، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی هێرشی دەکرێتەسەر.
وەک جەزائیری باسی دەکات، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئێستا هیچ کارمەندێکی تێیدا نەماوە و چۆڵکراوە، 4 بۆ 5 رۆژ لەمەوبەر زۆربەیان چوونەتە ئوردن، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا باڵەخانە و پاسەوانەکانی باڵیۆزخانە ماونەتەوە. گوتیشی، رەنگە سیناریۆی سەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دووبارەبێتەوە و هێرش بکرێتەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا.
لەبارەی رۆڵی ئێران، ئەو فەرماندەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، سەرسووڕمانن لە لێدوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەڵێت "پەیوەندییان بە ئامانجکردنی بنکەکانی ئەمریکاوە نییە"، ئەوە لە کاتێکدایە هەموو هاوکارییەکان لە چەک و درۆن بۆ مقاوەمە و حەشدی شەعبی بەشێکی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دابین دەکرێت، بزووێنەری یەکەم و کۆتایی عێراق لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لە دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە بنکەی تاوەر 22 لە ئوردن، ئەمریکا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق.
کاژێر 21:35 خولەکی رۆژی 7ـی شوباتی 2024، لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبوو باقر ساعیدی بە درۆن کرایە ئامانج و کوژرا.
دوای هێرشەکە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم، بەرپرسیاریێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند: ئەو هێرشە لە تۆڵەی هێرشەکانیان بووە بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە.
هەروەها رۆژی هەینی کاژێر 12:00ـی شەو بە کاتی هەولێر "لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا"، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەودا، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران. لەو هێرشانەدا 18 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 35ی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ