هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە

08-02-2025
نەهرۆ محەممەد
کۆبوونەوەیەکی پێشووی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
کۆبوونەوەیەکی پێشووی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا کۆببێتەوە و باس لە هەندێک مژار بکات. 
 
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم، ئەمڕۆ شەممە، 08-02-2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە (رۆژی هیوا جەمال)دا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی.
 
ئەحمەد عیساوی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی دیکەی پەیوەست بە دۆخی وڵات تاوتوێ دەکرێن.
 
ئەحمەد عیساوی گوتی: "هەموو فراکسیۆنەکان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای لێبووردنی گشتی کۆکن، چونکە ئەگەر رێککەوتن نەبووایە، پڕۆژە هەموارەکە لە بنەڕەتدا لە پەرلەمان تێنەدەپەڕی"، بەڵام پێیوایە "هەندێک لایەن دەیانەوێت ئەم پرسە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربێنن".
 
ئەو ئەندامەی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، یاساکە هیچ کێشەیەکی نییە و دواجار دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و گوتیشی: "تەنیا سوننەکان لێی سوودمەند نابن، بەڵکو شیعەکانیش سوودمەند دەبن."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق چوارشەممەی رابردوو بانگهێشتی ئەندامانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کرد بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ.
 
4ـى شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى لەسەر بنەماى پێنج سکاڵا بڕیارێکى دەرکرد بۆ راگرتنى کارکردن بە سێ یاسا کە یەکێکیان هەموارى یاساى لێبووردنى گشتییە، تاوەکو ئەوکاتەى سکاڵاکان یەکلایی دەبنەوە. 
 
رۆژێک دواتر، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى کۆبووەوە و دژى ئەو وەستایەوە و بە "نایاسایی" ناوبرد. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە