وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی پێشهاتە ئەمنییەکانی سووریا دەکەین

08-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پێشهاتە ئەمنییەکانی سووریا دەردەبڕێت و هۆشدارییش دەدات، بەردەوامیی تووندوتیژییەکان دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزارەتەکە "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی پێشهاتە ئەمنییەکانی ئێستای سووریا دەکات،" جەخت لە "هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق دەکاتەوە کە داوای پاراستنی هاووڵاتییان و دوورخستنەوەیان لە ماڵوێرانیی ململانێکان دەکات."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دانبەخۆداگرتن بە پێویست دەزانێت و داوا لە هەموو لایەک دەکات، زمانی گفتوگۆ بەکاربهێنن و لەبری تووندوتیژی و رێگەی سەربازی پەنا بۆ چارەسەری ئاشتییانە ببەن.
 
وەزارەتەکە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی بێتاوان رەتدەکاتەوە و هۆشداری دەدات، "بەردەوامیی تووندوتیژی دەبێتەهۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکە و زیادبوونی دۆخی ناجێگیر لە ناوچەکەدا، ئەوەش رێگری دەکات لە هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئاشتی."
 
رۆژی پێنجشەممە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا و چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە هەڵگیرسا و بەو هۆیەوە زیاتر لە 230 کەس کوژران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە