عەسائیب داوا لە حکومەتی عێراق دەکات رێڕەوى مرۆیی لەگەڵ ئێران بکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فراکسیۆنی سادقوون، باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، فراوانبوونی جەنگ لە نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەشێک لە وڵاتانی دیکە بگرێتەوە، "زەنگی مەترسیدارە بۆ کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە"، داواش لە حکومەت و پەرلەمان دەکات هەڵوێستیان لە دژی هێرشەکان بۆ سەر ئێران هەبێت و رێڕەوی مرۆیی لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەنەوە.
 
ئەو فراکسیۆنە لە راگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی کرد و فراوانکردنی جەنگەکەی کە بەشێکی دیکە لە وڵاتان بگرێتەوە، بە زەنگی مەترسیدار بۆ کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە ناوبرد کە "هەمووان دەسووتێنێت".
 
فراکسیۆنەکە، کە سەر بە بزووتنەوەیەکی شیعەی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، چوار داواکاریی خستووەتەڕوو، تێیدا داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە هەڵوێستی فەرمییان هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئێران، رێڕەوی مرۆیی بکەنەوە بۆ ئەوەی هەموو جۆرە هاوکارییەک پێشکێش بە ئێرانییەکان بکەن.
 
فراکسیۆنی سادقوون داواشی لە کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کردووە گوشار بکەن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە بۆ سەر ئێران و چارەسەری سیاسیی دادپەروەرانە بۆ دۆسیەی ئەتۆمى ئێران بدۆزنەوە، دوور لە لۆژیکی هێز و هەژموون.
 
لە 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ئێرانیش دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەی دایەوە، جەنگی نێوان هەردوولا پێی ناوەتە هەفتەی دووەم و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە