رووداو دیجیتاڵ
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا، پەیامێکی ئاراستەی هەندێک لە پەرلەمانتارانی عێراق کرد و گوتی: "ئەگەر وڵاتەکەم دەسەڵاتی سەدام حوسێنی نەڕووخاندایە، ئێوە ئێستا لەوێ دەبوون؟"
زاڵمای خەلیلزاد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کۆمێنتی لەسەر زنجیرەی ناڕەزایەتیی هەندێک لە پەرلەمانتارانی عێراق کردووە، کە لە دانیشتنی 7ی ئاداردا دروشمیان لە دژی ئەمریکا گوتووەتەوە.
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا نووسیویەتی: "دیمەنێک لە پەرلەمانی عێراق کە تێیدا ژمارەیەک پەرلەمانتار هاواری مەرگ بۆ ئەمریکا دەکەن؛ ئەگەر ئەمریکا لە ساڵی 2003 سەدام حوسێنى نەڕووخاندایە، ئێستا ئەمانە لە کوێ دەبوون؟"
ئەو دیمەنە لە نێو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تۆمارکرابوو، کە تایبەت بوو بە دۆخی عێراق لە جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، هەندێک لە پەرلەمانتارانی شیعە لەنێو هۆڵی پەرلەمان دەیانگوت: "ئەمریکا شەیتانی گەورەیە، مەرگ بۆ ئەمریکا".
زاڵمای خەلیلزاد دیپلۆماتکاری کۆمارییەکانی ئەمریکایە، یەکێک بوو لەو سیاسەتڤانانەى رۆڵی هەبوو لە رووخاندنی دەسەڵاتی پێشووی حیزبی بەعس لە عێراق؛ لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2007 باڵیۆزی واشنتن بوو لە بەغدا.
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە پشتیوانی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاند، لەو رۆژەوە بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و هەندێک لە وڵاتانی کەنداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ