دادگەی فیدراڵی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناهێڵێت

08-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵی دەستەواژەی "دەستەی سەرۆکایەتی"ـی پەرلەمانی عێراق لادا و بڕیاری دا دەسەڵاتەکان بۆ سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێنێتەوە.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەی دەستەواژەکانی "لەگەڵ هەردوو جێگرەکەی پێکەوە."، "ئەنجوومەنی وەزیران و دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران." و ".. و دادەمەزرێنێت."دەرکرد، کە لە یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانییەوە ژمارە 13ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراوە هاتووە. 
 
بەو پێیەش مشتومڕی بڕیاردان لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی پەرلەمانەوە کۆتایی پێهێنا و بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان گەڕاندەوە.
 
دادگەکە بڕیاری ژمارە 319ـی فیدراڵیی 2023ـی دەرکرد، ئەو دەستەواژانەی ئاماژەیان بۆ کراوە لەو یاسایە بە نادەستووری دەزانێت و دەڵێت مادەی 48ـی یاساکە لەبری دەقەکەی پێشووی، بەمشێوەیە دەبێت "سەرۆک دەسەڵاتی هەموو ئەوانەی هەیە کە پەیوەندییان بە جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان لە وردەکاریی کاری کارگێڕیی فەرمانبەران و پێکهاتەکانی ئەنجوومەن بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە دامەزراندنی پێکهاتەی نوێی ئەنجوومەن، دەستکاریکردنی میلاکات و پلەبەرزکردنەوە و پۆستی فەرمانبەران، رەوانەکردنییان بۆ خانەنشینی و مۆڵەتپێدان و درێژکردنەوەی وادەی خزمەتەکانیان، لەنێویاندا ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی و راوێژکاران و هەردوو جێگری ئەمینداری گشتی و بەڕێوەبەرانی گشتی و پێدانی نووسراوی رێز و سوپاسی پەرلەمانتاران و فەرمانبەران و ئەوانی دیکەش، رێکخستنی دەوامکردن لە ئەنجوومەنی نوێنەران و دیاریکردنی و هەموارکردنەوەی پەیکەربەندیی ئەنجوومەن و پێڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی لەوەی پەیوەندیی بە پێڕاگەیاندنەوە هەیە و بە واژۆی سەرۆکی ئەنجوومەن دەردەکرێت."
 
لەکاتێکدا بەپێی دەقی ئەو ماددەیە لە یاساکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کرابوو "سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی وەزیرانیان هەیە لە هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە جێبەجێکردنی یاسا بەکارپێکراوەکان.... "، دەسەڵاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتی چڕکردبووەوە. 
 
چەمکی "دەستەی سەرۆکایەتی" لە دوای بەتاڵبوونی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە لە لای سوننەکانە دەرکەتووەتەوە، بەشێک لە شیعەکان پێیانوایە دەبێت بڕیارەکان بە رێککەوتنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بدرێت. بەشێک لە بڕیارەکانی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە لە شوێنی سەرۆکی پەرلەمان کارەکان رایی دەکات، نیگەرانیی سوننەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
پەیوەست بە مادەی 50ـی ئەو یاسایە کە پەیوەندیی بە دامەزراندنی راوێژکارانەوە هەیە، دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا دەقەکەی بەم شێوەیە بێت "راوێژکاران بە فەرمانێکی پەرلەمانی و بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پێشنیازی سەرۆک و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو جێگرەکەی دادەمەزرێندرێن، مەرسوومی کۆماریشی پێدەردەچێت، راوێژکارانی دامەزرێندراو لە پەرلەمان، ئەوانەی کە مەرسوومی کۆمارییان بۆ دەرچووە، پێش بەرکاربوونی ئەم یاسایە راوێژکار دەبن بەمەبەستی جێبەجێکردنی."
 
لە کاتێکدا دەقەکەی یاساکە دامەزراندنی راوێژکاران بە بڕیاری پەرلەمانی و دەرچوونی مەرسوومی کۆماری بۆیان نەکراوە. 
 
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە کۆتایی بەو مشتومڕە هێناوە کە لە دوای بەتاڵبوونی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانەوە دروستبووە. حەمامی گوتی: "هەندێک راڤە هەیە، دادگەی فیدراڵی دەیکات لە بەرژروەندیی رەوتی یاساییە، بۆیە ئەو بڕیارە دەبێتە بڕیاری کۆتایی و کار بەو دەقانە دەکرێت کە ئاماژەی بۆ کردووە."
 
رۆژی سێشەممە 15-11-2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامیێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن"، بەڵام حەلبووسی تۆمەتەکانی رەتکردەوە. 
 
نزیکەی شەش مانگە ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لەبەردەم دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە