رووداو دیجیتاڵ
عەلی مەعاریج بەهادلی، یەکێک لە بریکارانی وەزارەتی نەوتی عێراق بووە یەکەم بەرپرسی ئەو وەزارەتە کە لە دوای 2003وە لەلایەن ئەمریکاوە سزا بدرێت. ئەو ئەندازیارەی خەڵکی مەیسان بەر لەوەی پۆستە باڵاکەی وەربگرێت، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا و بەربژێری هاوپەیمانیی نەسر بووە، بەڵام ئێستا ئەو هاوپەیمانێتییە دەڵێت: "پەیوەندیی بە ئێمەوە نەماوە".
ئەو سزایەی عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئایار لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە راگەیێنرا وەک بەشێک لە هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری".
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، عەلی مەعاریج بەهادلی، "پۆستەکەی قۆستووەتەوە بۆ ئاسانکاریی قاچاخچێتیی نەوت بۆ بەرژەوەندیی ئێران و گرووپە چەکدارەکان".
بەهادلی 60 ساڵان، شیعە مەزهەبێکی لەدایکبووی پارێزگای مەیسانی ناوەڕاستی عێراقە، کۆلێژی ئەندازیاریی نەوتی لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە. سەرەتای کارکردنی لە کەرتی نەوت، ئەندازیار بووە لە کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراق لە مەیسان، بەر لەوەی بەسەر پەیژەی بەرپرسیارێتییەکاندا بۆ وەزارەتی نەوت لە بەغدا سەربکەوێت.
بەهادلی لەلایەن ئەمریکاوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە رێگەی داوە رۆژانە بە بەهای ملیۆنان دۆلار نەوت لە کێڵگەی گەیارەوە بە تانکەر بگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای VS OIL لە ناوچەی خۆڕزوبێر لە بەسرە، لەوێ نەوتی ئێرانی و عێراقی تێکەڵ کراون و بە بەڵگەنامەی ساختەوە وەک نەوتی عێراقی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراون.
عەلی مەعاریج بەهادلی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2014 لەنێو لیستی دەوڵەتی یاسا لە سنووری مەیسان بەربژێر بووە، بە 14 هەزار و 577 دەنگ بووە بە ئەندامی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز بووە.
لە هەڵبژاردنی 2018 لەنێو لیستی هاوپەیمانیی نەسر بەربژێر بووە کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتیی دەکات، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا.
عەقێل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەدوای ئەوەی پۆستی لە وەزارەتی نەوت وەرگرت، پەیوەندیی بە هاوپەیمانێتییەکەمانەوە نەماوە".
لە ساڵی 2019 بەهادلی وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی لە وەزارەتی نەوت هەڵکشاوە، لە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئابوورییەوە بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی مەشق و پەرەپێدان، لە سەردەمی حکومەتی ئێستای محەممەد شیاع سوودانی، بووە بە بریکاری وەزارەتی نەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ