رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لەرێگەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان رۆژی پێنجشەممە، 07-05-2026، شەپۆلێکی نوێی سزاکانی وەک بەشێک لە هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری" راگەیاند.
ئەم هەنگاوە بە دیاریکراوی بەرپرسانی حکومی و بازرگانی لە عێراق و ئێران دەکاتە ئامانج کە دەستیان هەبووە لە "بەتاڵانبردنی" نەوتی عێراق بۆ بەرژەوەندیی تاران و گرووپە چەکدارەکان.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکی توونددا رایگەیاند: "رژێمی ئێران وەک تاقمێکی یاخی، خەریکی بەتاڵانبردنی ئەو سەرچاوانەیە کە مافی رەوای گەلی عێراقن. وەزارەتی گەنجینە بێدەنگ نابێت لە ئاست ئەوەی سوپای ئێران نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر دژی ئەمریکا و هاوبەشەکانمان بەکاربهێنێت."
عێراق؛ گەندەڵی لە وەزارەتی نەوت و گرووپە چەکدارەکان
ئەمریکا لەم بڕیارەدا پەنجەی تۆمەت بۆ باڵاترین ئاستی وەزارەتی نەوتی عێراق رادەکێشێت و رایگەیاندووە، عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن، خراوەتە لیستی سزاکانەوە. بەپێی گەنجینەی ئەمریکا، مەعاریج پۆستەکەی قۆستووەتەوە بۆ ئاسانکاریی قاچاخچێتی نەوت بۆ بەرژەوەندیی ئێران و گرووپە چەکدارەکان.
وردەکارییەکانی گەندەڵی نەوت لە عێراق، بەگوێرەی گەنجینەی ئەمریکا:
1-پەیوەندی لەگەڵ قاچاخچییەکان: مەعاریج هاوکاریی سەلیم ئەحمەد سەعید (قاچاخچییەکی ناسراوی سەر بە ئێران)ـی کردووە. سەلیم سەعید کە لە ساڵی 2025ـەوە سزادراوە، تۆڕێکی کۆمپانیاکانی هەبووە کە نەوتی ئێرانیان وەک "نەوتی عێراقی" فرۆشتووە بۆ دەربازبوون لە سزاکان.
2-بەتاڵانبردنی کێڵگەی گەیارە: مەعاریج رێگەی داوە رۆژانە بە بەهای ملیۆنەها دۆلار نەوت لە کێڵگەی گەیارەوە بە تانکەر بگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای (VS Oil) لە ناوچەی خۆر زوبەیر، لەوێ نەوتی ئێرانی و عێراقی تێکەڵ کراون و بە بەڵگەنامەی ساختەوە وەک نەوتی پاکی عێراقی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراون.
سزادانی سەرکردە ئابوورییەکانی گرووپە چەکدارەکان
ئەمریکا سێ سەرکردەی باڵای گرووپەکانی (عەسائیبی ئەهلی حەق) و (کەتائیبی سەیدولشوهەدا)ـی سزادا:
موستەفا هاشم لازم بەهادلی (سەید عەون): بەرپرسی ئابووریی عەسائیب؛ تۆمەتبارە بەوەی لە دوای ساڵی 2011ـەوە یەکەیەکی ئەمنی و گواستنەوەی نەوتی بۆ عەسائیب دروستکردووە. عەون سەرپەرشتی دزینی سووتەمەنی و پڕۆژە گەورەکانی پیشەسازیی کانزای کردووە وەک پەردەیەک بۆ چالاکییە داراییەکانی عەسائیب. هەروەها راستەوخۆ لەگەڵ فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هاوئاهەنگی بۆ گرێبەستە نەوتییەکان کردووە.
ئەحمەد خوزەیر مەخسووس: جێگری پێشووی ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا.
محەممەد عیسا کازم شوێلی (ئەبو مەریەم): بەرپرسێکی باڵای کەتائیبی سەیدولشوهەدا؛ تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵی 2025ـەوە راستەوخۆ لەگەڵ تیمی دارایی حیزبوڵڵای لوبنانی (بە دیاریکراوی عەلی قەسیر) کاری کردووە بۆ کڕین و گەیاندنی چەک بۆ ناو عێراق و گواستنەوەی ملیۆنەها دۆلار بۆ ئەو مەبەستە.
کۆمپانیا عێراقییە سزادراوەکان
چوار کۆمپانیای عێراقی کە لە ژێر کۆنترۆڵی (موستەفا بەهادلی) دان سزادران، ئەوانیش:
1-کۆمپانیای کەنداو بۆ خزمەتگوزارییە نەوتییەکان.
(Gulf Energy Oil Services Limited).
2-کۆمپانیای کەنداو بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی
(Gulf General Contracting Limited).
3-کۆمپانیای وزەی نێودەوڵەتی عێراق بۆ هاوردە و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان
. (Iraq International Energy for the Import and Sale for Petroleum Products Limited).
4-کۆمپانیای کەنداو بۆ گواستنەوەی گشتی و خزمەتگوزارییە دەریاییەکان
(Gulf Energy for General Transport and Marine Services and Real Estate Consultancy LLC)
ئێران؛ ئەوپەڕی گوشار و تووڕەیی ئابووری
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر ئێران، بە ئامانجی بڕینی توانای تاران لە بەدەستهێنان و گەڕاندنەوەی پارە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی.
هەنگاوەکانی ئەمریکا دژی ئێران، وەک وەزارەتی گەنجینە بڵاویکردووەتەوە:
- پەکخستنی داهات: واشنتن توانیویەتی رێگری لە گەیشتنی ملیارەها دۆلار داهاتی نەوت بکات بۆ تاران.
- دراوە دیجیتاڵییەکان: ئەمریکا رایگەیاند، نزیکەی نیو ملیار دۆلار دراوی دیجیتاڵی (Cryptocurrency) کە پەیوەندی بە رژێمی تارانەوە هەبووە، بلۆک کراوە.
- تۆڕە بانکییەکان: هێرشێکی چڕ کراوەتە سەر "بانکە سێبەرەکان"ـی تاران لە جیهاندا.
- هۆشداری بۆ چین: گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ سەپاندنی سزای لاوەکی بەسەر ئەو دامەزراوە داراییانەی هاوکاریی تاران دەکەن، بەتایبەت ئەو پاڵاوگە بچووکە سەربەخۆیانەی (Teapot) لە وڵاتی چین کە نەوتی ئێران دەپاڵێون.
- گەمارۆی دەریایی: ئیدارەی ترەمپ لەرێگەی گەمارۆی دەریاییەوە شا دەماری داهاتی ئێرانی گرتووە و هۆشداری داوەتە هەر کەشتییەک یان فڕۆکەیەک کە هاوکاریی بازرگانیی نایاسایی ئێران بکات.
لێکەوتەکانی ئەم سزایانە چی دەبن؟
بەپێی بڕیارەکە، تەواوی دارایی و موڵک و ماڵی ئەم کەس و کۆمپانیایانە لە ئەمریکا یان لەژێر دەسەڵاتی هاووڵاتییانی ئەمریکیدا بێت، بلۆک دەکرێت. هەر مامەڵەیەک لەگەڵیاندا دەبێتە هۆی سزای مەدەنی و تاوانکاریی قورس.
لە کۆتاییدا، ئەمریکا رایگەیاندووە، هەر کەسێک زانیاریی ورد بداتە تۆڕی (FinCEN) لەسەر پێشێلکردنی سزاکان و ببێتە هۆی سەپاندنی سزای دارایی زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار، پاداشتی دارایی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ