دانپێدانانەکانی عەجاج: تەرمی ئەنفالکراوان بەبێ کێل دەنێژران، لەبەر گەرما و ئەشکەنجە گیانیان لەدەست دەدا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

عەجاج یەکێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەی ئەنفال، لە دانپێدانانەکانیدا رایگەیاندووە، بە درێژایی مانگ و نیوێک، رۆژانە بەهۆی گەرما و ئەشکەنجەوە ئەنفالکراوان گیانیان لەدەستداوە و لە دەرەوەی گرتووخانەی نوگرە سەلمان بەبێ کێل و لە گۆڕی نیمچە بەکۆمەڵدا دەنێژران، هەروەها ناوی ئەو ئەفسەرانەشی هێناوە کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر کچە ئەنفالکراوەکان.
 
 تۆڕى میدیایی رووداو بەشێک لە دانپێدانانەکانی "عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی" لە کاتی لێکۆڵینەوە دەستکەوتووە، کە بە یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی دۆسیەی ئەنفال ناسراوە. 
 
عەجاج لە دانپێدانانەکەیدا لەبارەی ئەو ئەنفالکراوانەی گیانیان لە دەست دەدا گوتوویەتی: "تەرمەکانمان دەبردە دەرەوەی گرتووخانە، لە رێگەی کەسوکاریانەوە دەنێژران و پۆلیس یاوەری دەکردن و پاسەوانیی تووندیان دەکرا، ئەوە بە فەرمانی ئێمە بووە. تەرمەکان بەشێوەیەکی نیمچە بەکۆمەڵ دەنێژران، بەوپێیەی کێڵیان نەبووە؛ تەرمەکان بە کەمێک لم و بەرد دادەپۆشران و دواتر سەگ دەهاتن و تەرمەکانیان دەخوارد و تەنیا ئێسکەکەیان دەمایەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایار، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو، دانیشتنەکە دواخرا بۆ رۆژی 14ی هەمان مانگ.
 
عەجاج لە دانپێدانانەکانیدا گوتوویەتی: "ناشتنی تەرمەکان بەو شێوەیە رۆژانە بوو، کە بەهۆی گەرمای زۆر و ئەشکەنجەدان گیانیان لەدەست دەدا، ئەمە وەک ئەوەی بیرم ماوە بە درێژایی مانگ و نیوێک بەردەوام بوو. ئەو کاتە بەڕێوەبەری ئەمنی پارێزگاکەم (موسەنا) لەوە ئاگادار کردەوە، بەڵام ئەو سەرزەنشتی کردم بەهۆی دەستوەردانەکەوە و پێیگوتم دەبێت فەرمانەکان جێبەجێ بکەیت و گوێرایەڵ بیت."
 
عەجاج لە کاتی هەڵمەتی ئەنفال و گواستنەوەی بەشێک لە ئەنفالکراوان بۆ گرتووخانەی نوگرە سەلمان لە موسەنا، یەکێک لە بەرپرسە باڵادەستەکانی دەزگای ئەمنی حیزبی بەعس بووە.
 
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری ئەنفالکراوان لەو دۆسیەیەدا بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت:" عەجاج لە دانپێدانانەکانیدا ناوی چەند ئەفسەرێکی هێناوە کە گوایە دەستدرێژییان کردووەتە سەر کچۆڵە ئەنفالکراوەکان."
 
31ی تەممووزی 2025، عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکراوە.
 
 عەجاج لە بەشێک لە دانپێدانانەکانیدا لەبارەی شوێنی ناشتنی تەرمی ئەنفالکراوان لە دەوروبەری گرتووخانەکە گوتوویەتی: "دەتوانم بتانبەمە سەر شوێنەکە."
 
ئەیاد کاکەیی گوتى: "پشکنینی بەڵگەی تاوان بۆ عەجاج کراوە و براوەتە گرتووخانەی نوگرە سەلمان و نواندنی بۆ وردەکاریی تاوانەکە کردووەتەوە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی دۆسیەکەی، عەجاج لە ساڵی 1962 لە پارێزگای سەلاحەدین لە دایکبووە و لە ساڵی 1986 کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەیی تەواو کردووە. لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە قەزای زوڵووعییە نیشتەجێ بووە، کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی سەلاحەدین.
 
بەشێکی دیکە لە دانپێدانانەکانی عەجاج ئاماژەی بەوە داوە کە بە سێ ژەم تەنیا یەک سەموونی داوەتە ئەنفالکراوان و ئاوێکی پێداون کە بە کەڵکی خواردنەوە نەهاتووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق

کارنامەى حکومەتى نوێى عێراق: یاسای نەوت و گاز دەربکرێت، چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت

عەلی فالح زەیدی لە کارنامە 14 تەوەرەیییەکەیدا بۆ حکومەتی نوێی عێراق، ئاماژە بە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوت و پاراستنی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی ئەو کەرتە دەکات. لە کارنامەکەدا جەخت لە قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەهێزکردنی تواناکانی دەزگا ئەمنییەکان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕچەککردنیان کراوەتەوە.