رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لە هەر 10 منداڵ 9یان رووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبنەوە و کێشەکە لە ساڵی 2025 زیاتر دەبێت. دەشڵێت، لە ماوەی ئەم دەیەیەدا گۆڕانی کەشوهەوا بە رێژەی 14% زیادیکردووە و هەڕەشە لە هەسارەی زەوی دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 06-07-2023 فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کاریگەربوونی منداڵ بە گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاند، "دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر زەوی، ئەگەر تاوەکو ساڵی 2030 دەردانی گازەکان بە رێژەی 45% کەمنەکرێتەوە بۆئەوەی پارێزگاری لە پلەکانی گەرما بە 1.5 پلەی سیلیزی بکرێت."
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵی 2019 عێراق بەرپرس بوو لە دەردانی رێژەی 8%ی گازی میسان و 0.5%ی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە جیهاندا و زۆرترین دەردانەکانیش لە کێڵگەکانی گازدایە.
عێراق لە ساڵی 2020 چووەتە نێو رێککەوتننامەی پاریس بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا، بۆیە غەڕاوی دەڵێت، "عێراق پابەندبوونی نێودەوڵەتیی لەسەرە و دەبێت تاوەکو ساڵی 2025 وەبەرهێنانی زۆر لە گازی سرووشتی بکات و 12 گێگاوات لە وزەی نوێبووەوەی هەبێت، جگە لەوەش عێراق خۆبەخشانە رێژەی 1% بۆ 2%ی هاوتای دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کەمدەکاتەوە."
بەرپرسی ئەو سەنتەرە هەروەها دەشڵێت، "پێویستە حکومەتی عێراق ئەنجوومەنێکی باڵا بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دابمەزرێنێت و سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی کەمبکاتەوە و رێژەی 3%ی دەردانەکانی گازی سرووشتی کەمبکاتەوە و 20 گێگاوات لە کەرتی کارەبا بە وزەی نوێبووەوە بێت."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەكێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە؛ بەوەش وشکەساڵی زۆرتر دەبێت و گەردەلوولی بیابانیش لمی زیاتر دەبێت.
رۆژی چوارشەممە 07-06-2023 گەشبین ئیدریس، جێگری سەرۆكی رێكخراوی هەسار بۆ زانستی زەوی، لەبارەی کاریگەربوونی منداڵانی هەرێمی کوردستانیش بە گۆڕانی کەشوهەوا بە رووداوی گوت، "گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر منداڵان بە پلەی یەکەم دادەنێت، چونکە خاوەن توانایەکی کەمتری بەرگرین و جەستەیان یارمەتیدەرە بۆ خێرا کاریگەربوون، بەتایبەت لە تووشبوون بە نەخۆشی و روونتریش نەخۆشییەکانی پێست."
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی یونسکۆ کە ساڵی رابردوو بڵاوکرایەوە، لە ساڵانی 2005 بۆ 2009، زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆی قەیرانی ئاو و وشکەساڵییەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گوندەکانیان بەجێهێشتووە.
راپۆرتەکە ئاشکراشی کردووە، رۆژانی 50 پلەی گەرمی لە پارێزگاکانی باشوور بۆ 21 رۆژی لەسەریەک بەردەوام دەبێت و رۆژانی خۆڵبارینیش لە ساڵێکدا کە ئێستا 120 رۆژە بۆ 300 رۆژ زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ