رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق و لیژنەى دارایی پەرلەمان لەبارەى پرسی گواستنەوەى بودجە لەنێو کەرتەکانیدا کۆدەبێتەوە، بەر لەوەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە. پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەڵێت، "ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە رێکبکەون و رێگرى بکەن لەوەى دواى پەسندکردنى بودجە تانەى لێ بدرێت."
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، بڕیارە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی گواستنەوەى بودجە لەنێوان کەرتەکانیدا.
رۆژی 8ى حوزەیرانى 2023 عارف حەمامى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو کۆبوونەوەیە بۆ تاوتوێکردنى ناکۆکییەکانە لەبارەى پرسی گواستنەوەى بودجە لەنێوان کەرتەکاندا تاوەکو رێککەوتنى لەسەر بکرێت و رێگر بێت لەوەى لەدواى پەسندکردنى بودجە حکومەت تانەى لێ بدات."
بەگوێرەى زانیارییەکان شەوى رابردوو سوودانى لەگەڵ عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆبووەتەوە و هەمان پرسی لەگەڵ تاوتوێ کردووە.
عارف حەمامى گوتى، "شەوى رابروو لەسەر پرسی گواستنەوەى بودجە کۆبوونەوەى جیاواز هەبووە لەنێوان سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان."
لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە قەبارەى شەش تریلیۆن دینار گواستنەوە لەنێوان کەرتەکانی بودجەدا کراوە، لە کاتێکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق تەنیا رێگە بە گواستنەوەى سێ تریلیۆن و 500 ملیار دینار دەدات بەو مەرجەى بە ئاگاداری و رەزامەندیى ئەو بێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، کێشە لەنێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانى پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق و وەزیرى دارایی هەیە لەبارەى بڕى پارەى تەرخانکراو بۆ ئەو پارێزگایانەی، کە دەیانەوێت لە چەند کەرتێکەوە پارە بگوازنەوە بۆسەر ئەو کەرتانەى خزمەت بەو پارێزگایانە دەکات.
بڕیارە کاژێر 08:00ی ئەمشەو پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، کە قەبارەکەى نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە و زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ