پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان فراکسیۆنی پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بودجە ئاشکرا دەکات

08-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانوستاندن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی رەشنووسی بودجە و بەتایبەت بڕگەکانی مادەی 14ـی تایبەت بە بودجەی کوردستان تاوەکو دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمانی بەردەوام دەبێت، دەشڵێت: "پێش کۆبوونەوە بڕیارە فراکسیۆن کۆببێتەوە و بڕیاربدەین بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر رەشنووسەکە بکەین یان نا."
 
رۆژی پێنجشەممە، 8-6-2023، خالید رێکانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دوایین زانیارییەکانی تایبەت بە رێککەوتن لەسەر رەشنووسی بودجە و بڕگەکانی مادەی 14 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا و بەدرێژایی ئەم چەند کاژێرەی تاوەکو دانیشتنی پەرلەمان کە بڕیارە کاژێر 8 دەستپێبکات، دانوستاندن بەردەوام دەبێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی سازان."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆنەکەیان، خالید رێکانی گوتی: "پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان بە ماوەیەکی کەم فراکسیۆنەکەمان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دوایین گۆرانکارییەکان و رەشنووسی نوێی یاسای بودجە و دەستکارییەکان دەکەین و لەو کۆبوونەوەیە بڕیار دەدەین چی بکەین."
 
بڕیارە کاژیر هەشتی ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2023 کۆببێتەوە و پەسەندی بکات، کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 12.67٪ـە و نزیکەی 16 تریلیۆن دینارە. 
 
سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "زۆرینەی فراکسیۆنەکان پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە نوێیەکان، ئێمەش وەکو فراکسیۆنی یەکێتی کۆبوونەوەمان دەبێت و لەنێوخۆماندا تاوتوێی بابەتەکان دەکەین، بەڵام کۆبوونەوەی فەرمی نابێت."
 
شەوی پێنجشەممە، 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی کرد کە حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردبوو، گۆڕانکارییەکە لە مادەکانی 13 و 14 بوو، کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە