رووداو دیجیتاڵ
پلەکانی گەرما لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەرزبوونەتەوە، لە پێشنیوەڕۆوە پلەی گەرما گەیشتووەتە 50 پلە و بەگوێرەی پێشبینییەکانیش لەماوەی هەفتەی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەی عێراق دەگەنە 54 پلەی سیلیزی.
هەفتەى یەکەمى مانگى تەمموز تێپەڕى، تادێت کەشوهەوا گەرمتر دەبێت. لە بەغدا پلەى گەرما پێش نیوەڕۆ دەگاتە 50 پلەی سیلیزی و ساڵێکى پڕوکێنەر چاوەڕێى عێراق دەکات.
عامر جابرى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەستەى کەشناسی عێراق دەڵێت، "ئەم ماوەیە چووینەتە قۆناخێکى نوێوە، کە قۆناخى نزمە پەستانى گەرمایە، پێشبینی دەکەین پلەکانى گەرما لە بەشێک لە ناوچەکانى عێراق بۆ نزیکەى 50 پلەى سیلیزى بەرزببنەوە، ئەو بەرزبوونەوەیەى پلەى گەرما تاوەکو سەرەتاى مانگى ئەیلوول بەردەوام دەبێت، لەنێوەڕاستى مانگى تەمموزەوە چلەى هاوین دەستپپێدەکات و 12 رۆژ بەردەوام دەبێت، کە گەرمترین دەبێت و پلەى گەرما دەگاتە 54 پلەى سیلیزى".
گەرما، کەمبارانى، کەمى ئاوى رووبارەکان، بۆ چوارەم ساڵ لەدواى یەک رووبەڕووی عێراق دەبنەوە.
هیواکان بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا لەعێراق لەسەر بودجە سێ ساڵییەکەى هەڵچندراون.
لە یاساى بودجەى گشتیى عێراقدا 500 ملیار دینار بۆ بارى لەناکاو تەرخانکراوە، کە دەکاتە نزیکەى 0.2%ى کۆی بودجەکە، بۆ دۆخێکى پێویست دەتوانرێت سێ ملیار دینارى لێ خەرج بکرێت، یەکەم گوژمە کە بڕیارى خەرجکردنى درا سێ ملیار بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەى تاى خوێنبەربوون.
زۆرترین کاریگەرییەکانى بەرزبوونەوەى پلەى گەرما لەعێراق لەسەر کشتوکاڵە؛ بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لەساڵى رابردووەوە حەوت هەزار جووتیار لە گوندەکانەوە کۆچیان بۆ ناوەندى شارەکان کردووە.
زیندەوەرە ئاوییەکان پشکى شێریان لە کاریگەرى گۆڕانى کەشوهەوا لەعێراق بەرکەوتووە. لە ناوچەى چبایشى پارێزگارى زیقار کەمئاوى و گەرما ماسییەکانى کەنار خستووە.
رەعد ئەسەدى، چالاکڤانى ژینگەیی دەڵێت، "کەمیی ئۆکسجین لە ئاوەکاندا وایکردووە ماسییەکى زۆر لەنێو بچن، هەروەها ئەوە زیانى بۆ بوونەوەرانی دیکەش دەبێت کە لە ئاوى هۆڕەکاندا دەژین، ئەو بڕە ئاوەى کە لە ئاوى فوراتەوە دێت زۆر کەمە و بەشی ژیاندنەوەى هۆڕەکان ناکات"
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى سەرچاوەکانى عێراق، بڕى ئاوى رۆژانەى رووبارى دیجلە 205 مەتر سێجا و ئاوى فورات 153 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، کە ئەمەش نیوەى بڕى پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ