سوودانی و سەرۆکی میت دۆسیە ئەمنییە هاوبەشەکان تاوتوێ دەکەن

08-07-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسینگەکەی پێشوازی لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و شاندی یاوەری کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی تورکیا سڵاوی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایان بە سوودانی گەیاندووە و جەختیان لە خواستی ئەنقەرە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرەوپێشبردنی هاریکارییەکان کردووەتەوە، بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت.
 
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دیدارەکەدا تاوتوێی دۆسیە ئەمنییە هاوبەشەکان و هەماهەنگیی زانیاریی نێوان هەردوو وڵات کراوە، ئەمەش "بۆ پتەوکردنی سەقامگیری لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان و گشتیی ناوچەکەیە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ئیبراهیم کاڵن رۆژی سێشەممە، 1ی ئەم مانگە، هاتە هەولێر و بە جیا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
وەک میدیای دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، سەرۆکی میت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ کردووە و جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووەتەوە و بە گرنگی زانیوە تووندوتیژی و شەڕ لە ناوچەکەدا کۆتایی بێت. 
 
هەر بەگوێرەی میدیای دەوڵەتی تورکیا، سەرۆکی میت لەو دیدارانەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە قۆناخی داهاتوودا ئەنقەرە دیدار و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە