رووداو دیجیتاڵ
سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق چەند بڕیارێکیان لەبارەى رێککەوتنى بەندەرى خۆر عەبدوڵڵا لەگەڵ کوێت دەرکرد؛ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران سکاڵاکانیان لە دادگەى فیدراڵى لەسەر ئەو رێککەوتنە دەکشێننەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ى تەممووزى 2025 هەر سێ سەرۆکایەتیی کۆمار، حکومەت و پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی هەرێمی و پێشهاتەکانی کراوە، جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی ئەو رێچکەیە کراوەتەوە، کە حکومەت گرتوویەتیەبەر بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکان.
سەرۆکەکان گفتوگۆیان لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کردووە، کە بڕیارە لە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت. هەروەها پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوانە دەربڕی کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەیانگرێتەبەر، بۆئەوەی هەڵبژاردنێکی "ئازاد و پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا" بکرێت.
یەکێکى دیکە لەو پرسانەى تاوتوێ کراوە، رێککەوتنی رێکخستنی کەشتیوانی لە بەندەرى خۆر عەبدوڵڵایە لەگەڵ کوێت، کە ساڵى 2013 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند کرا و لە 2023 لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە بڕیار لەسەر نادەستووریبوونی درا.
هەریەکە لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانى عێراق بە جیا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایان تۆمار کردووە، بۆئەوەى ئەو دادگەیە لە بڕیارەکەى پاشگەز ببێتەوە و رێککەوتنەکە لەڕووى یاساییەوە کارا بێت.
بەگوێرەى نووسینگەى سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا سێ سەرۆکایەتییەکە لەسەر سێ خاڵ رێککەوتوون، یەکێک لە خاڵەکان ئەوەیە پەرلەمان رێکارە یاساییەکان، بەگوێرەى بڕیاری دادگەی باڵاى فیدراڵی بگرێتەبەر، کە داوای کردووە یاسای پەسندکردنی رێککەوتنى خۆر عەبدوڵڵا بە شێوەیەکی یاسایی دووبارە دابڕێژرێتەوە، سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیرانیش سکاڵاکەیان لە دادگەى فیدراڵى بکشێننەوە.
هەروەرها سێ سەرۆکایەتییەکە جەختیان کردەوە لە پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ