هاوپەیمانیی نەسر بۆ رووداو: لە کۆبوونەوەی پارتی و چوارچێوەدا لێکتێگەیشتن لەسەر هەندێک خاڵ هەبووە

08-08-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند، کەشی کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی "ئەرێنی بووە"، ئەندامێکی شاندەکەی پارتی دەڵێت: "بە چوارچێوەی هاوئاهەنگیمان گوت، پێویست ناکات مووچە بەهیچ بابەتێکی دیکەوە ببەسترێتەوە". 
 
رۆژی دووشەممە، 7-8-2023، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە لایەنێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پێکهێنەری حکومەتی ئێستای عێراقە، بە ئامادەبوونی شاندێکی پارتی، کۆبوونەوەی خولی ئاسایی خۆی لە بەغدا کرد.
 
د. سەلام زوبێدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، یەکێک لە ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەشی کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەرێنی بووە، لێکتێگەیشتن لەسەر هەندێک خاڵ کرا، کە ئاستەنگ بوون لە جێبەجێکردنی وەرەقەی سیاسی و دەکرێت لێکتێگەیشتنی زیاتر بکرێت".
 
بە گوتەی د. سەلام زوبێدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت کۆتایی بە سەرجەم دۆسیەکان بهێنێت بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام بەر واقعی سیاسی دەکەوێت بەهۆی سروشتی هاوکێشەی سیاسییەوە، گوشار لەسەر سەرۆکوەزیران هەیە بۆ جێبەجێکردنی هەموو بەندەکانی نێو رێککەوتنی سیاسی. هەروەها سوننەکانیش گوشار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکان لەوانە یاسای لێبووردنی گشتی، ئەمەش پێویستی بە هاوکاری زیاتر و دیدگای روونتر هەیە. پێویستە دەستپێشخەری هەبێت بۆ سفرکردنەوەی هەموو ناکۆکییەکان بەپێی رێککەوتن و میکانزمی دەستووری.
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر پێیوایە، پەسندکردنکردنی یاسای نەوت و گاز دەبێتە پێوەری سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی، بۆیە بەردەوام داوا دەکەن پەلە بکرێت لە  دەرکردنی یاسای نەوت و گاز. 
 
د. سەلام زوبێدی هیودارە ئەو سەردانەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەکلاکەرەوە بێت بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو ناکۆکییەکان و پێدان مافی هەموو لایەک و گوتی: "هەرێمی کوردستان ئەرک و مافی هەیە، پێویستە حکومەت پابەند بێت بە مافەکانی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی بەجێ بگەێێنێت لە بەرامبەر حکومەتی عێراق و دەوڵەتی عێراق."
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر دانی بەوەدانا "کە هەموو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەک دیدگا و بۆچوون و یەک بڕیار نین، ناکۆکی  لە بیرۆبۆچوونەکان هەیە." گوتیشی: "سوودانی پەیوەندییەکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، دەکرێت سوودانی رۆڵی ئەرینی بگێڕێت لە رازیکردنی هەندێک لایەن کە دەیانەوێت لە بەرامبەر جێبەجێکردنی خاڵ و بڕگەکانی نێو رێککەوتنەکە ئەوانیش دەستکەوتیان هەبێت".
 
پشتیوان سادق، ئەندامی شاندی پارتی بۆ بەغدا، دوای تەوابوونی کۆبوونەوەیان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بە چوارچێوەی هاوئاهەنگیان گوت، پێویست ناکات مووچەی خەڵک بەهیچ بابەتێکی دیکەوە ببەسترێتەوە". 
 
ماوەیەکە پارتی تێبینی لەسەر ژمارەیەک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکانی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە، بۆیە شاندێکی  رەوانەی بەغدا کرد، شاندەکەی پارتی کە لە بەغدایە بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانییە و ئەندامانی دیکەش پێکدێن لە هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی، فوئاد حوسێن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و جەعفەر ئیمنیکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و بەنگین رێکانی.
 
لەبارەی ئامانجی سەردانی شاندەکەی پارتی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، عەلی حوسێن کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە، گوتی، "شاندی پارتی، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی پارتی دەگەیێنێتە لایەنە سیاسییەکانی عێراق چ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە ئێمە بەشێکین لە پێکهێنانی حکومەت، هەمیش سەرۆکایەتی حکومەت و بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی  و سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەریی، بەوەی ئێمە پابەندی رێککەوتنەکان بووینە لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکان و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت".
 
وەک عەلی حوسێن باسی کرد، "هەست دەکەین لەو رێککەوتنانە پاشەکشە هەیە لەلایەن لایەنە عێراقییەکان چ لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لە زۆر جار لە پەرلەمان رەنگدانەوەی دەبێت ئەوەک ئەوەی لە پرسی یاسای بودجەدا لە پەرلەمان دەرکەوت، چ لە حکومەتیش هەست دەکەین هەندێکجار  دەکەوێتە ژێر کاریگەری لایەنی دەرەوەی لایەنەکان".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە