رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەی ئیسلامی، بە تووندی دژی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو وەستایەوە و هۆشداری دا کە ئەو هەنگاوە ئامانجی "رووخاندنی تەواوەتیی پرۆسەی سیاسییە لە عێراقدا."
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئەیلوولی 2025، لە گوتارێکدا بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، ئیمام جەعفەر سادق و ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دەعوەی ئیسلامی، نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی ئەو حزبە، رایگەیاند: "بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان تاکە رێگەیە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری و دانانی یاساکان."
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دواخستنی هەڵبژاردنەکانی بە "لەدەستدانی شەرعیەتی پەرلەمان و حکومەت" و "چوونە نێو دۆخێکی پشێوی" وەسفکرد.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە مشتومڕی دواخستنی هەڵبژاردنەکان جاروبار لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا سەرهەڵدەداتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. پەرلەمان لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسیشیان کۆتایە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مالیکی ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق "وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە و لانکەی خێرە بۆ شوێنکەوتووانی ئەهلی بەیت و گشت موسڵمانان". داوای لە هەموو لایەنەکانیش کرد "بەرگری لە یەکێتی و سەروەریی عێراق بکەن" و دووربکەونەوە لە هەموو جۆرە تائیفییەتێک، کە دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵات.
هەروەها بانگەوازی لە رەوەندی عێراقیش کرد کە "هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی یەکێتیی عێراق و پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی چڕ بکەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ