رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج و هێشتا هەڵسەنگاندن دەکەن، دەشڵێت ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەو هێرشانە لە رێگەی میلیشیاکانی ئێرانەوە کراون، کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن.
رۆژی هەینی، 8-12-2023، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ویلایەیە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشە مووشەکییەی سەر باڵیۆزخانەکەیان رایگەیاند: "کاژێر 4:15ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 8ـی کانوونی یەکەم، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە دوو مووشەک رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەوە، هەڵسەنگاندنەکان بەردەوامن، تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکمان لەبارەی کەوتنەوەی زیان لە کۆمەڵگەی باڵیۆزخانە پێنەگەیشتووە."
سەبارەت بەو لایەنەی هێرشەکەی کردووە، باڵیۆزخانەکە گرووپەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "تاوەکو ئەم ساتە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن."
لە دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، یەکەمجارە هێرش دەکرێتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، گوتەبێژی باڵیۆزخانەکە گوتی: "جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەینەوە وەکو ئەوەی پێشتریش کردوومانە، هەموو رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی تاک و پێگەی نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوبەشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بگرێتەبەر."
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دەدات و ناڕاستەوخۆ باسی وەڵامدانەوەی هێرشەکان دەکات و دەڵێت: "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە مافی خۆمانە بەرگری لەخۆمان بکەین و فەرمانبەرانمان لەهەر شوێنێکی جیهان بێت بپارێزین."
ئەوە لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
رۆژی یەکشەممە، 3ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنجچەکداری ئەو گرووپەی کوشت کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن.
لەو کاتەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، شەپۆلێک لە گرژی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەنێویدا هێرشی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا. هەروەها هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کە پێیانوایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە، کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەمریکا مانگی رابردوو چەند هێرشێکی کوشندەی کردە سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق. هەروەها لە تشرینی یەکەمدا ئەمریکا لە سووریاش هێرشی کردە سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ