سەرۆککۆمار بۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: چوارچێوەیەکی بەرنامەی کار بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دابندرێت

09-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، پێویستە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە چوارچێوەی پشتیوانیی هێزە ئەمنییەکان بێت لە بوارەکانی مەشق و راهێنان و پێشکێشکردنی راوێژ، "گرنگە چوارچێوەیەکی بەرنامەی کاری دیاریکراوی بۆ دابندرێت." باڵیۆزی ئەمریکاش جەخت لە بایەخی چەسپاندنی پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگی دەکاتەوە سەبارەت بەو پرسانەی جێی بایەخی هەردوولان.
 
رۆژی سێشەممە 09-01-2024 لە کۆشکی سەرۆکایەتی لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەیاندا باسیان لە پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەمدواییەی عێراق و ناوچەکە کرد، پێویستیی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نەهێشتنی قەیران و گرژییەکان و گرتنەبەری پرەنسیپی دیالۆگی جیدی و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، جەختیان لەسەر کرایەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، لە کۆبوونەوەکەدا، "سەرۆککۆمار تیشکی خستەسەر بارودۆخی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، کە پێویستە ئەرکیان لە چوارچێوەی پشتیوانیی هێزە ئەمنییەکان بێت لە بوارەکانی مەشق و راهێنان و پێشکێشکردنی راوێژ، هەروەک گرنگە چوارچێوەیەکی بەرنامەی کاری دیاریکراوی بۆ دابندرێت."
 
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەش کرد، "عێراق سوورە لەسەر بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلانی ناوچەکە بکات و بەشداربێت لە نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان وڵاتان."
 
هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی لە بەرامبەر پرسی فەڵەستین و پێویستیی راگرتنی دەستدرێژی و بەئامانجگرتنی رۆژانەی دانیشتووانی سڤیلی لە غەززە و شارەکانی دیکەی فەلەستین دووپاتکردەوە. جەختی لەوەش کردەوە، لێکەوتەکانی جەنگ لە کەرتی غەززە دا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە هەیە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بە تایبەتی، بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆبگرن بۆ وەستاندنی دەستدرێژیی سەر فەلەستین.
 
لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئەمریکا جەختیکردەوە لەسەر بایەخی چەسپاندنی پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگی لەبارەی ئەو پرسانەی جێی بایەخی هەردوولان، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان کۆماری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان. هەروەها ئاماژەی بە پەرۆشیی ئەمریکا کرد بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و پشتیوانیکردن لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی لە فەلەستیندا هەیە.
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەو گرووپەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا پانتاییەکی فراوانی لەو دوو وڵاتە داگیرکردبوو و دواتر بە گورزی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزی پیادەی ناوچەکە بەرپەرچدرانەوە.
 
لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2011، کە لە ساڵی 2003 بۆ رووخانی رژێمی سەدام حوسێن هاتبوونە وڵاتەکە، جارێکی دیکە ئەو هێزانە گەڕانەوە. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 عێراق لە رێگەی ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی ئەوکات بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاندبوو پێشوازی لە هاوکاری و یارمەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن لە عێراق؛ ئەوکات عێراق جگە لە هاوکارییەکانی دیکە داوای هاوکاریی سەربازیی لە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە