103 پەرلەمانتار داوا دەکەن تاوەکو حوزەیرانی ئەم ساڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نەمێنن

09-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، فراکسیۆنە شیعەکان 103 واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوا دەکەن پەرلەمان حکومەتی عێراق پابەند بکات تاوەکو چوار مانگی دیکە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی عێراق بەجێبهێڵن.
 
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە بەپێی کارنامەی دانیشتنی سبەی شەممەی پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەکە بۆ "تاوتوێکردن"ـی ئەو هێرشانەیە کە دەکرێنە سەر سەروەریی عێراق و پێشێلی دەکەن، بەڵام پێشبینی دەکرێت بڕیاریشی تێدا دەربکرێت."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە: "فراکسیۆنە شیعەکان دەیانەوێت گوشارێک لەسەر حکومەتی عێراق دروست بکەن، بۆیە بڕیارێکیان ئامادەکردووە و 103 پەرلەمانتار واژۆی کردووە، بەپێی بڕیارەکە دەبێت تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ هێزەکانی بیانی لە عێراق نەمێنن. هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەبڕیاری دەرچوونی هێزەکانی بیانی لە عێراق بکرێت."
 
ئەو پڕۆژە بڕیارەی بۆ کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق ئامادەکراوە هیچ پەرلەمانتار و فراکسیۆنێکی کوردستانی واژۆیان لەسەر نەکردووە. جگە لەوەی بەشێکی زۆری سوننەکانیش واژۆیان نەکردووە، هەندێک لایەنی شیعەش ئەوەیان نەکردووە.
 
ئەو 103 پەرلەمانتارەی واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە، داوا دەکەن پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر ئەو داواکارییەیان بکات، بەڵام ئەگەری زۆرە لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە ئەو بابەتە بخەنەڕوو و جۆری دانیشتنەکە لە تاوتوێکردنەوە بۆ بڕیاردانیش بگۆڕن.
 
رۆژی هەشتی ئەم مانگە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا رۆژی شەممە، 10ـی شوباتی 2024، کۆبوونەوەیەکی ئاسایی پەرلەمان تایبەت بەو "پێشێلکارییانەی دەکرێنە سەر سەروەریی عێراق" بکرێت، کۆبوونەوەکە تەنیا یەک بڕگە لە خشتەی کارەکانی هەیە ئەویش کۆبوونەوەیەکی "تاوتوێکاری"ـی پەرلەمانە و بڕیارە کاژێر پێنجی پاش نیوەڕۆ بکرێت.
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـەوە، واتە دوای 10 رۆژ لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 169 جار هێزەکانیان لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپێک بەناوی مقاوەمەی ئیسلامیی شیعە لە عێراق کراونەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی 28ـی مانگی رابردوو بەهێزترین بوو کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن.
 
شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو باقر ساعدی کە فەرماندەیەکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقی بوو کرایە ئامانج و کوژرا، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی بەغدا راگەیاند.
 
شەوی 2ـی ئەم مانگەش، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 4-1-2024 لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکا لە بەغدا سێ چەکدار کوژران و حەوتی دیکەش بریندار بوون، یەکێک لە کوژراوەکان ئەبو تەقوا بوو، کە فەرماندەی لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی بوو.
 
چوار ساڵ لەمەوبەر، لە رۆژی 5-1-2020 و دوو رۆژ دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد و سوننە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی بیانیی لە عێراق دەرکرد.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە