رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی سووریا و وڵاتە دراوسێکانی، رۆژی یەکشەممە داوای هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیانەیان کرد کە وڵاتانی رۆژئاوا بەسەر سووریایاندا سەپاندوون، هەروەها داوایان کرد، ئاشتەوایی لە وڵاتەکدا بەدیبێت.
وەزیرانی دەرەوەی عێراق، تورکیا، ئوردن و لوبنان بەیەکەوە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، دوای کۆبوونەوەیەک لە عەممان قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
کۆبوونەوەکە دوای چەند رۆژێک لە پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سووریا و لایەنگرانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رووخێندراو هات.
بە گوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە 72 کاژێری رابردوودا، بەهۆی شەڕەکە لەو ناوچانەی بە مەڵبەندی پێکهاتەی عەلەوی دادەنرێن، هەزار و 311 کەس کوژراون، لە نێویاندا 231 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا، 250 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 830 کەسی سڤیل. شەیبانی گوتی "ئێمە پارێزگاری لە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا دەکەین، هەموو گروپە سوورییەکان. ئێمە پارێزگاری لە هەمووان دەکەین و جیاوازی لە نێوانیاندا ناکەین".
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هێشتا نەیانتوانیوە ئەمریکا و ئەورووپا رازی بکەن بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان. هەروەها نەیانتوانیوە دەست بە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە لە دوای 14 ساڵ لە شەڕ بکەن و لە ئاشتکردنەوەی کورد و درووزەکانیش بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو وڵاتەکەدا، تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
دراوسێکانی سووریا دەترسن لەوەی ئابووریی وێرانکراوی وڵاتەکە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری خۆیان هەبێت.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە دراوسێکان رەخنەیان لە "دەستێوەردانی دەرەکی" لە ناوچەکەدا گرت، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بەشێکی زیاتری باشووری سووریایان داگیرکرد و ناوچەی سنوورداری نەتەوە یەکگرتووەکانیان بەزاند کە سووریا و بەرزاییەکانی گۆلان لێک جیا دەکاتەوە، ئەو شوێنەی ئیسرائیل لە ساڵی 1967 داگیری کرد و لکاندی بە خاکی خۆیەوە.
رۆژی یەکشەممە، ئەفسەرانی سوپای ئیسرائیل سەردانی ناوچە لە چەک داماڵدراوەکەیان کرد.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش داوای هاوکاریی زیاتری کرد لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. فوئاد حوسێن گوتی: "دەبینین لە ژمارە، هێز، چەک و ناوچەکانی داعش گەشەیان کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ