گرانیی نرخى گۆشت لە عێراق هاووڵاتییان بەرەو کڕینی ماسی دەبات

09-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
لە عێراق ماسی جێگەی گۆشتی سوور دەگرێتەوە
لە عێراق ماسی جێگەی گۆشتی سوور دەگرێتەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرزبوونەوەى نرخى گۆشتى سوور لە عێراق وایکردووە هاووڵاتییان پەنا بۆ کڕینى گشتى ماسی ببەن، کە نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور چوار هێندەی کیلۆیەک لە گۆشتی ماسییە.
 
نرخى یەک کیلۆ گۆشتى سوور لەعێراق بۆ 24 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، کە پێشتر لە 18 هەزار دینار تێنەدەپەڕى.
 
محەممەد ئەبو سەیف، گۆشتفرۆشە و باسی هۆکاری گرانی نرخی گۆشت دەکات و دەڵێت، "سامانى ئاژەڵ لە عێراق کۆتایی هات؛ گۆشتى هاوردەکراومان بۆ دێت، کاتێکیش بۆمان دێت گرانە، نەوەک هەرزان. ئەو وڵاتانەى لێیان دەکڕین بە هەرزان نایفرۆشن."
 
گرانى نرخى گۆشت، خواستی عێراقییەکانى لەسەر گۆشتى ماسی زیاد کردووە، نرخى کیلۆیەک گۆشتى ماسی شەش هەزار دینارە کە چواریەکى نرخى گۆشتى سوورە.
 
ئەبوعەلى، هاووڵاتییەکى شارى موسڵە دەڵێت، "نرخى گۆشت گرانە، هاووڵاتییان ناتوانن بیکڕن، یەک کیلۆ گۆشت دەگاتە 24 هەزار دینار لە کاتێکدا ماسی بە شەش هەزارە، ماسی پڕۆتینى باشی تێدایە، هەموو کەسێکیش ناتوانێت گۆشتى سوور بخوات."
 
بەشی زۆری ئەو ماسیەى لە عێراق دەفرۆشرێت، لە رووبارەکان راودەکرێن یان لە حەوزى ماسی بەرهەمدەهێندرێن.
 
عودەى ئەبونوور، ماسی فرۆشە باس لەوە دەکات، "گرنگترین شت نرخە، زۆربەى چینەکان ماسی دەبەن، لەبەر ئەوەى زۆر تەندروستە، جگە لەوە کرێکارێک بەکرێى رۆژانەى دەتوانێت دوو کیلۆ و نیو ماسی بکڕێت، بەڵام پارەکەى نیو کیلۆ گۆشت دەکات. خێزانێک پێنج ئەندام بن، چى لە نیو کیلۆ گۆشت بکات."
 
بۆ رێگرى لە بەرزبوونەوەى نرخى گۆشت، حکومەتى عێراق رێگەى بە هاوردەکردنى مەڕوماڵات و کەمکردنەوەى گومرگەکەى بۆ نیوەى گومرگى پێشووى داوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە