کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق بۆ رووداو: ئەمریکا سزای سەر بانکەکانی هەڵنەگرتووە

09-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای لەسەر بانکە سزادراوەکانی عێراق هەڵگرتبێت. 
 
وەدیع حەنزەل، سەرۆکی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق، رۆژی سێشەممە 9ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ بڕیارێکی فەرمی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا نییە لەبارەی هەڵگرتنی سزای سەر بانکەکان. چاوەڕێی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەوەشی لە میدیاکان لەوبارەوە بڵاوبووەتەوە دوورە لە راستییەوە".
 
هاوکات سەفەوان قوسەی، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق، رۆژی سێشەممە 9ی نیسانی 2024 بە رووداوی گوت، "گفتوگۆ لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەیە، بەڵام هیچ بڕیارێک لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو بانکانە نییە".
 
25ـی ئاداری 2024 فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لە واشنتن لەگەڵ وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆبووەوە و دواتر رایگەیاند، "کۆبوونەوەی راشکاومان لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا هەبوو. ئەوان باسی سزاکانی سەر بانکەکانی عێراق ناکەن، ئەوان باس لە گرتنەبەری هەندێک رێکار دەکەن. راستییەکەش ئەوان باسی چاکسازی لە سیستمی بانکی لە عێراق دەکەن. ئەوە بەشێک بوو لە گفتوگۆکان و بەردەوام دەبین."
 
دوای جەژنی رەمەزان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچێتە ئەمریکا و رۆژی 15ی مانگ لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن کۆدەبێتەوە. 
 
زیاتر لە 20 بانکى عێراقى لەلایەن وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکاوە بەتۆمەتى بەقاچاخبردنى دۆلار و سپیکردنەوەى پارە سزادراون.
 
 5ـی شوباتی 2024، بانکی ناوەندیی عێراق لیستێکی نوێی ئەو بانکانەی بڵاوکردەوە کە بێ بەشکراون لە مامەڵەی دۆلار. لیستەکە ناوی هەشت بانکی نوێی عێراق و کوردستانی تێدایە و بریتین لە بانکی ئاشوور بۆ وەبەرهێنان، بانکی وەبەرهێنانی عێراق، بانکی یەکێتیی عێراق، بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستان، بانکی هودا، بانکی ئیسلامیی باشوور، بانکی ئیسلامیی عەرەبی و بانکی بازرگانیی حامورابی.
 
رۆژی 20-07-2023، بانکی ناوەندیی عێراق ناوی 14 بانکی بڵاوکردەوە کە بێ بەشکراون لە مامەڵەی دۆلار کە بریتی بوون لە:
 
1- بانکی راوێژکاریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
2- بانکی قرتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن 
3- بانکی تەیفی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن 
4- بانکی ئیلافی ئیسلامی
5- بانکی هەولێر بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
6- بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
7- بانکی عەبرە عێراق بۆ وەبەرهێنان
8- بانکی موسڵ بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان
9- بانکی راجحی  ئیسلامی
10- بانکی سۆمەری بازرگانی
11- بانکی متمانەی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
12- بانکی دارایی ئیسلامی
13- بانکی (العالم)ی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
14- بانکی زینی عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.