وەزیرى رۆشنبیریى عێراق: رێگە نادەین بە هەڵەیەکى دیکە تاقی کیسرا لەدەست بدەین

09-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد بەدرانى، وەزیرى رۆشنبیرى و گەشتوگوزار و شوێنەوارى عێراق راگەیاند، رێگە نادەن هەڵەیەکى دیکە رووبدات بۆ لەدەستدانى "گرنگترین" شوێنەوار، کە مەبەستى تاقى کیسراى بەغدا بوو.

ئەو گوتانەى وەزیرە عێراقییەکە لەکاتى بەسەرکردنەوەى شوێنەوارى تاقی کیسرا بوو لە قەزاى مەدائینی بەغدا.
 
بەگوێرەى وەزارەتى رۆشنبیرى، ئەو شوێنەوارە تووشی زیان بووە بەهۆى پرۆسەى نۆژەنکردنەوەى "ناڕێکخراو" لەلایەن کۆمپانیایەکى چیکى لە ساڵى 2012.
 
ئەحمەد بەدرانى راگەیاند، گرنگە هەموو وردەکارییەکى تایبەت بەو پێگەیە ئامادە بکرێت و دەرخستەکانى تەواو بکرێت و بدرێتە ئەنجوومەنى وەزیران، بۆ ئەوەى پارە بۆ نۆژەنکردنەوەى تەرخان بکرێت، ئەوە جگە لە دانانى راگر بۆ رێگرى لە هەرەسهێنانى بەشێک لەو شوێنەوارە.
 
تاقى کیسرا کۆشکێکى شوێنەواریى مێژووییە لە سەدەى شەشەمى زایینى دروستکراوە. کۆشکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى کیسراى یەکەمى فەرمانڕەواى ئیمپراتۆڕى ساسانییەکان کە بە ئانۆ شیروان ناسراوە.
 
وەزیرى رۆشنبیرى و گەشتوگوار و شوێنەوارى عێراق دەڵێت، گرێبەست لەگەڵ زانکۆى پەنسلڤینیای ئەمریکا دەکەن بۆ ئامادەکردنى توێژینەوەى تایبەت بە شێوازى نۆژەنکردنەوەى ئەو شوێنەوارە بەشێوەیەکى زانستى، کە مەترسیى لەسەر دروست نەکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە