رووداو دیجیتاڵ
لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەک لە دژی بڕیاری حکومەتى هەرێمی کوردستان لە بارەی پڕۆژەی رووناکی تۆمار کراوە، کە تایبەتە بە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هاوبەشانی کارەبا.
بڕیارە 20ـی تەممووزی 2025، یەکەم دانیشتنی دادگە لەبارەی ئەو سکاڵایە بکرێت، کە تێیدا داوا دەکات بڕیاری ژمارە 280ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 14ـی ئایاری 2025 هەڵبوەشێنرێتەوە کە بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەی رووناکی-یە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری. بە گوێرەی سکاڵاکە 265 ملیار دیناری بۆ هاوکاریی بەشدارانی کارەبا تەرخانکراوە.
سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تۆمار کراوە و سکاڵالێکراوانیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی، کارەبای 24 کاژێرییان پێگەیشتووە و 30%ـی موەلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی خستنەکاری ئەو پڕۆژەیەوە کوژێنراونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لایەنی سکاڵالێکراو وەڵامنامەی خۆی بۆ ئەو سکاڵایە ئامادە کردووە و نوێنەرى لە دانیشتنەکەی دادگەدا ئامادە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ