رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و بەربژێرەکان دەکات.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی شەممە، 9ی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، تیروپشک بۆ پێدانی ژمارەی هەڵبژاردن بە هاوپەیمانی، پارت و بەربژێرەکان بۆ کورسیی گشتی و کۆتای کەمینەکان دەکرێ" .
بە پێی ئەو گوتەبێژە، تیروپشکەکە لە شاری بەغدا دەبێ.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، کۆمیسیۆن یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەزموونی لە 1079 وێستگەی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
تاقیکردنەوەکە لە ناوەندەکانی تۆمارکردن و 20 نووسینگەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەبێ و فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنیش وەک دەنگدەر بەشداریی تێدا دەکەن.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لەم کارە ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دڵنیابوونەوەیە لە کارایی و ئامادەیی ئامێرەکانی دەنگدان.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان.
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن گوتیشی، وەک ژمارەی بەرایی نزیکەی 8 هەزار و 788 ناوەندی دەنگدان بۆ رۆژی هەڵبژاردن هەن، ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانیش 40 هەزار و 819 وێستگەیە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بەڵام رەنگە ژمارەکان بگۆڕدرێن.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ