نێوەڕۆکی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

09-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی 36ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازکرد. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی وڵات و بابەتەکانی نێو کارنامەی کۆبوونەوەکە تاوتوێکران.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سوودانی ئەنجامی سەردانە فەرمییەکەی بۆ بارەگای ناتۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا خستەڕوو و جەختی لە پەرۆشیی عێراق بۆ دامەزراندنی هاوبەشییەکی بنیادنەرانە لەگەڵ ناتۆ و دروستکردنی پەیوەندییەکی درێژخایەن و گشتگیر لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.
 
سوودانی باسی لە هەوڵەکانی عێراق بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان وەک تیرۆر، تاوانی رێکخراو و هەڕەشە سایبەرییەکان کرد.
 
ئەنجوومەنی وەزیران بنەماکانی هاوئاهەنگی لە بواری وزەی کارەبا لەنێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای (GE Vernova International) پەسندکرد.
 
ئەنجوومەنەکە بڕیاری دا بودجەی پڕۆژەکان بۆ ساڵی 2026 لە بودجەی گشتیی فیدراڵی جێگیر بکرێ، هەروەها رەزامەندیی دا لەسەر زیادکردنی پارەی تەرخانکراوی وەبەرهێنان بۆ وەزارەتی کارەبا بۆ ساڵی 2025.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەروەها گرێبەستی گۆڕانی دیجیتاڵی بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بە هاوبەشی کەرتی تایبەتی پەسندکرد.
 
سەبارەت بە رێکخستن و جێبەجێکردنی پلانەکانی پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە پارێزگاکاندا، ئەنجوومەنەکە چەند بڕیارێکی دا:
 
- پلانەکانی وەبەرهێنانی داهاتوو جەخت لەسەر تەواوکردنی پڕۆژە بەردەوامەکان بکەنەوە و پێشینە بۆ کەرتەکانی ئاو، ئاوەڕۆ و تەندروستی بێ، پاشان پڕۆژەکانی قیرتاوکردن و قوتابخانەکان.
 
- رواندنی دار لەنێوان شەقامەکان لە هەموو پڕۆژەکانی قیرتاوکردندا.
 
- وەزارەتی پەروەردە و پارێزگاکان لێکۆڵینەوە لە زیادکردنی پۆلەکانی باخچەی ساوایان بکەن.
 
- زیادکردنی تێچووی گشتیی پڕۆژەی ئاوەڕۆی ناحیەی رەشید، پڕۆژەی ئاوی نوێی نەجەف- کووفە و پڕۆژەی بیناسازیی جۆراوجۆر لە پارێزگاکانی کەربەلا و واست دا. 
 
- زیادکردنی تێچووی گشتیی پڕۆژەکانی دروستکردنی قوتابخانە و باخچەی ساوایان لە قەزا و ناحیەکانی پارێزگای نەینەوا، لەوانە قەزای مەخموور و زیادکردنی تێچووی گشتیی پڕۆژەی دروستکردنی رێگەی خێرای ژمارە (1) دیوانیە - ناسریە (سایدی چەپ).
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە