رووداو دیجیتاڵ
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، هۆشداری تووند دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەڵێت: "ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان لە فەڵەستین بکات، دوودڵ نابین لە کردنە ئامانجی."
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، رۆژی دووشەممە، 09-10-2023 لەکاتی کۆبوونەوەی لە کۆمەڵێک ریشسپیی هۆزەکانی عێراق، گوتی: "ئەو سەرکەوتنەی لە فەلەستین بەدەستهاتووە، هیچ سوپایەکی عەرەبی نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت، عێراقی نوێ لەگەڵ دۆزی فەڵەستینە و پاشەکشە لە پشتوانی ناکات."
بەگوێری راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، هادی عامری رایگەیاندووە: "هەموو سەرکردەکانی عەرەب، دەستبەردای دۆزی فەلەستین بوون، ئەوەی لەگەڵی ماوەتەوە کۆماریی ئیسلامی و گرووپەکانی بەرگری (مقاوەمە)ن. ئەمڕۆ ئیرادەی خەڵکی فەلەستین سەرکەوت، دۆزی فەلەستین جێگەی بایەخ و هیوای خۆشەویستانی ئالوبەیت و مەرجەعی ئایینیە، بە هەموو شانازییەکەوە دەڵێین گەلی فەلەستین سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر زایۆنیی دوژمن بەدەستهێناوە."
هەر لە درێژەی قسەکانیدا، هادی عامری هۆشداری تووند دەدات و دەڵێت: "ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان لە فەلەستین بکات، دوو دڵ نابین لە بە ئامانجکردنی، هەڵوێستمان روونە لە پشتوانیکردنی دۆزی فەلەستین، بەوپێیەی گەلی فەلەستین، گەلێکی ستەملێکراوە."
شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل پێی ناوەتە رۆژی سێیەممەوە. بە درێژایی شەوی رابردوو شەڕ لە نێوان چەکدارانی فەلەستین و سەربازانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل بەردەوام بوو. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیش بۆردوومانەکانیان بۆ سەر غەززە چڕترکردەوە.
تائێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کە دیارترینیان حەماسە، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەلایەنی کەمەوە 560 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون. هەروەها ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتە 800 کەس و دوو هەزار و 506 کەسیش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ