خەزعەلی داوا دەکات بەغدا راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات

09-12-2020
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن قەیس خەزعەلی مووچە هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
تادێت داواکاری پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە زیاتر دەبێت. لە نوێترین هەڵوێستیدا ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل ئەلحەق داوادەکات حکومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران بدات. 
 
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل ئەلحەق لە توویتێکدا لە بارەی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە رایگەیاندووە،  "وەک ئەوەی چۆن هەڵوێستمان لەگەڵ خۆپێشاندانی ناوەڕاست و باشوور بووە و پشتیوانی داوا رەواکان و خۆپێشاندانی ئاشتییانەیان کردووە، سووتاندن و تێکدانمان رەتکردووەتەوە، هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر خۆپێشاندانەکانی رۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانداهەیە".
 
قەیس خەزعەلی، ئاماژەی بەوەکردووە: "جارێکی دیکە پێشنیازی پێشوومان دووبارە دەکەینەوە، بەوەی حکومەتی ناوەندی راستەوخۆ، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، دوور ململانێی سیاسی و گەندەڵی دارایی". 
 
رۆژی 8-12-2020 حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە یاسای قەرز وەرگرتنەوە نییە، بەڵام دەکرێت بەغدا راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات.
 
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێیوایە رێگەچارەی زۆر هەن، کە دەکرێ پەنایان بۆ ببرێت بۆ چارەکردنی ئەو قەیرانە، لەوانە، بەستنەوەی کەیسی پێدانی مووچەی هەرێمی کوردستان، راستەوخۆ بە بەغدا و بەپێی یەکەی کارگێڕی، ئەوەش هەماهەنگی و هاوئاهەنگی زۆری پێویستە لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ دروستکردنی داتابەیسێک بۆ زانیارییەکان، کە دەکرێ پشتی پێ ببەسترێ".
 
بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەغدا، 138 پەرلەمانتار کە بەشێکیان کوردن، واژۆیان لەسەر یاداشتێک کردووە. 
 
رۆژی 26-11-2020 پرۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی رادەستی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرا.
 
رێبوار کەریم، پەرلەمانتاری کورد لە عێراق کە سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "پرۆژەکە دەرئەنجامی گوشاری مامۆستایانی ناڕازیی و فەرمانبەرانی ناڕازیی و هەموو کەرتەکانی دیکە بووە و ئەوەش مافی خۆیانە، ئێمە 18-6-2020 پرۆژەیەکمان ئامادەکرد و دواتر لە هەرێمی کوردستان و بەغدا گفتوگۆمان لەبارەوە کرد، پرۆژەکەش 138 کەس واژۆیان کردووە و رەزامەندی پەرلەمانیشمان وەرگرتووە و داوامان کردووە لە بودجەی ساڵی 2021 بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە