حکومەتی عێراق رێکاری تووند بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەگرێتەبەر

10-12-2023
رووداو @Rudawkurdish
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 08-12-2023 دوو مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق کران، ئەوەش شەپۆلێک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. حکومەتی عێراق، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعە و ئەمریکا کۆک بوون لەسەر ئەوەى هێرشەکە کاریگەریى نەرێنیى دەبێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هێرشەکەى بە کارى گرووپى تیرۆریستى ناوبرد و رایگەیاند، ئەنجامدەرانى دەدەنە دادگە. هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەڵێت، پاڵپشتیى هەوڵەکانى حکومەت دەکەن بۆ ئاشکراکردنى ئەو هێرشە کە بە گوماناوی ناوى بردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی عێراق چەندین جار بەڵێنی داوە نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی ئەمریکاش دەپارێزێت، کە لەسەر داواکاریی عێراق لەوێن، "ئەمە، هاوشێوەی مافی بەرگری لەخۆکردنمان، قسەی لەسەر ناکرێت."
 
حکومەتى عێراقى بەڵێنی دا لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکات و بکەرانى سزا بدات. ئەعیاد تۆفان، پسپۆڕى سەربازى ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە لەسەر محەممەد شیاع سوودانى، بەرپرسیارێتیى ئەو ناوچانە دیاری بکات کە ئەو مووشەک و هاوەن و درۆنانەیان لێوە هەڵدەدرێت و بەرپرسەکانیان سزا بدرێن؛ بەرپرسى سەربازى و هەواڵگرى؛ ئەوە دزەکردنێکى ئەمنیى مەترسیدارە."
 
ئەوە یەکەمجارە لەدواى دەستپێکردنی شەڕى غەززەوە، لە سەرەتاى مانگى تشرینى یەکەم، هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق.
 
ئەحمەد شەریفی، پسپۆڕى سیاسى باس لەوە دەکات، "گرووپە چەکدارەکان ساڵێکە بێدەنگ بوون، نە بە درۆن نە بە مووشەک هێرشیان نەدەکرد، کاتێک زانییان کە گۆڕانکارییەک روویداوە و ئەمریکا دەیەوێت ئەم نموونە سیاسییەی هاوپەیمانیى ئێران بگۆڕێت، ھێرشیان دەستپێکردەوە."
 
هیچ لایەنێک، بە گرووپە چەکدارە شیعەکانى نزیک لە ئێرانیشەوە، بەرپرسیارێتیى خۆیان لەو ھێرشەى سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا رانەگەیاندووە، کە بە مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق ناوى خۆیان دەبەن؛ ئەمەش سەرەڕای ئەوەى ئەو گرووپانە دیمەنى هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق بڵاودەکەنەوە، کە بە درۆن و مووشەک ئەنجامیان دەدەن.
 
موفید سەعیدی، بەڕێوەبەرى سەنتەرى قیرائات بۆ توێژینەى سیاسى و ئەمنى دەڵێت، "چاودێریکردن نییە، بەتایبەت لە دەروازە سنوورییەکان، بۆ قەدەخەکردنى هەندێک جۆرى ئامێر، عێراقییەکانیش مێشکى دروستکردنى ئەو شتانەیان هەیە کە ئەستەمن، بۆیە ئەو چەکانەى هێرشیان پێدەکرێت دروستکراوى نێوخۆیین، تاقیکراونەتەوە و پەرەیان پێدراوە، کارگەى تایبەت هەیە بۆ بەرهەمهێنانیان."
 
ئەوانەی خۆیان ناوناوە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، دەڵێن، لە 18-10-2023وە 76 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانى ئەمریکا و 41 هێرشیان بۆسەر عەین ئەسەد لە ئەنبار و  فڕۆکەخانەکانى هەریر و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.