رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا سبەی چوارشەممە 10-12-2025 لە عێراق پشووی فەرمی بێت؛ پشووەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2025 بڕیاریدا سبەی چوارشەممە 10ی کانوونی یەکەم، "بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر تیرۆر و رێکخراوی داعشدا، بکرێتە پشووی فەرمی."
بڕیارە پشووەکە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرێتەوە، جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و ئەو کەرتانەی سرووشتی کارەکەیان وا دەخوازێت بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان بەردەوام بن.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەو رۆژە وەکو پشوو رانەگەیێندراوە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ بڕیارێک نییە بۆئەوەی سبەی بکرێتە پشووی فەرمی."
رۆژی 9ی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش شاری موسڵ و بەشێکی زۆری سنووری پارێزگای نەینەوایان کۆنترۆڵ کرد، دوای ئەوەی سوپای عێراق بەبێ بەرگری شارەکەی چۆڵ کرد، بەو هۆیەوە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی کەوتە دەست ئەو گرووپە.
دوای سێ ساڵ، لە 10ی تەممووزی 2017 لە ئۆپەراسیۆنێکی فراواندا بە بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە، سوپای عێراق و پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، شاری موسڵ بە تەواوی کۆنترۆڵ کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ