رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان هاوخەمیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی بەهۆی ئەو لافاو و بارانە بەخوڕەی ژمارەیەک لە ناوچەکانی گرتووەتەوە و بووەتەهۆی گیانلەدەستدان و برینداربوون و زیانی مادیی زۆر. هاوکات داوای لە بەغدا کرد بەپەلە پشتیوانیی زیانلێکەوتووان بکات و بە هانایانەوە بچێت.
هاوپەیمانییەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەو دۆخە دەکەین کە بەهۆی لافاو و بارانی بەخوڕەوە بەسەر کەسوکارماندا لە هەرێمی کوردستان هاتووە کە بووەتەهۆی کەوتنەوەی قوربانی و برینداربوون و زیانی گەورە بە موڵک و ماڵ و ژێرخان لە چەند ناوچەیەک کەوتووە."
هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەڕائی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری مردووانی رووداوەکە دەکات و لە خودا دەپاڕێتەوە شیفای بەپەلە بۆ برینداران بنێرێت؛ جەختیش لە هاوسۆزیی تەواوی خۆی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان لەم دۆخە سەختەدا دەکاتەوە.
هاوپەیمانییەکە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارە فیدراڵییەکان دەکات، هاوئاهەنگیی بەپەلە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دابینکردنی پشتیوانی و هاوکاریی پێویست و خێراکردنی پرۆسەی بەهاناوەچوون و گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی خەڵک و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ