بەربژێرێکی پارتی بە جێگری پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا

10-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، سیروان رۆژبەیانی لە پشکی پارتی بە جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرایەوە.
 
رۆژی شەممە، 10ـی شوباتی 2024، رافعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و لە دانیشتنەکەدا دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگرانی پارێزگاری نەینەوا بەڕێوەچوو، تێیدا سیروان رۆژبەیانی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرایەوە، هەروەها عومەر نامیق مۆلە لە لیستی ناسنامەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی، بە جێگری دووەمی جێگری پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا. 
 
سیروان رۆژبەیانی، لە خولی رابردووشدا، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا بووە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆ هەمان پۆست هەڵبژێدراوە.
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو، 5ـی شوباتی 2024، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا. ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران، بەڵام هەڵبژاردنی جێگرانی پارێزگار دواخرا ئەوەش بەهۆی بوونی کێشە لە یەکلاکردنەوەی پۆستی جێگری دووەمی پارێزگار لەنێوان لایەنە سیاسییەکان. 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 کورسیی هەیە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، فراکسیۆنی نەینەوا لیئەهلیها 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 4 کورسی، هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی و سیادە 3 کورسی، هاوپەیمانیی تەقەدووم 2 کورسی، حەسمی نیشتمانی 2 کورسی، هاوپەیمانیی حەدبا 2 کورسی هەویەی وەتەنی 2 کورسی، ئتیحاد ئەهل نەینەوا 2 کورسی، عەزمی عێراق و حیزبی وەتەنی تەجدید یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا، جگە لەو سێ کورسییەی بۆ پێکهاتەکانی شەبەک، ئێزدی و کریستیان تەرخانکرابوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە