رووداو دیجیتاڵ
دیوانی وەقفی سوننەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ مانگ بیندراوە و سبەی دووشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، دیوانی وەقفی سوننەی عێراق رایگەیاند، لەدوای بینینی مانگ لە رووی شەرعی و فەلەکییەوە، لیژنەی دیاریکردنی سەرەتای مانگە کۆچییەکان لە دیوانەکە رایدەگەیێنێت، سبەی دووشەممە، 11-3-2024 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.
پێشتر، دادگەی باڵای سعودیە رایگەیاند، لیژنەکانی بینینی مانگ، ئەمڕۆ یەکشەممە مانگیان بینیوە، بۆیە سبەی دووشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.
لەدوای راگەیاندنی رۆژی یەکەمی مانگی رەمەزان، شا سەلمان، پادشای شانشینی سعودیە رایگەیاند، "ئازار بەخشە مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ لەکاتێکدا دەکەینەوە کە برایانمان لە فەلەستین بەهۆی هێرشەکانەوە دەناڵێنن."
موسڵمانان بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان پشت بە بینینی مانگ دەبەستن و لە 29ـیەمین رۆژی مانگی شەعبان چاودێری بینینی مانگ دەکەن.
لەدوای سعودیە، هەریەکە لە هەرێمی کوردستان، عێراق، ئیمارات، قەتەر، عومان و زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئیسلامی رۆژی دووشەممەیان کردە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بۆ ساڵی 1445ـی کۆچی.
بەڵام بەشكی وڵاتانی ئیسلامی، هەر زوو رۆژی سێشەممەیان کردە یەکەم رۆژی رەمەزان.
رۆژی شەممە 9ـی ئاداری 2024، دەستەی بینینی مانگ لە نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند "رۆژی سێشەممە، 12ـی مانگی ئادار یەکەم رۆژی رەمەزانە."
بەشێکی دیکەی وڵاتانی ئیسلامی کە سێشەممەیان کردووەتە یەکەم رۆژی رەمەزان بریتین لە: ئیندۆنیزیا، ئوسترالیا، مالیزیا، سەنگاپوور و برونای.
رۆژووگرتنی مانگی رەمەزان یەکێکە لە پێنج پایەی ئایینی ئیسلام؛ پایەکان بە ریزبەندی بریتین لە: شایەتوومان، نوێژ، زەکات، رۆژووی مانگی رەمەزان، و حەجکردن بۆ کەسێک لە توانایدا بێت.
تایبەتمەندییەکانی مانگی رەمەزان، خۆی لە رۆژووگرتن لە بانگی بەیانییەوە تاوەکو بانگی ئێوارە (مەغریب)، بەربانگ کردنەوە، تەراویح، بەرز راگرتنی شەوی قەدر و چەند پەرستشێکی دیکەدا دەبینێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ